رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە ئاماژەیەکدا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، لە رێگەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیانەوە ئەو قەوارەیان نەهێشت کە دەیانویست "لە باکووری سووریا دابمەزێت. لە هەموو لایەکەوە تێکمان شکاند و شکستمان پێهێنا. بەوەش رێگەمان نەدا رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز بە پاڵپشتیی ئیمپریالیزمە ئاغاکانیان لە باشوورەوە تورکیا گەمارۆ بدات".
دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی 10ـی کانوونی دووەمی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداریکرد لە هەشتەمین کۆنگرەی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە پارێزگای ئایدن و گوتارێکی پێشکێش کرد.
لە باسی دۆخی سووریا، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دوای ئەوەی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام چوونە نێو دیمەشق، ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە ئەو بە "جوداخواز" ناوی دەبات، گیری خواردووە و بە دوای خاوەن و سەردەستەى نوێدا دەگەڕێت و گوتی: "تەنیا دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە؛ یان تۆبە لە تیرۆر دەکەن و چەک دادەنێن یان بە چەکەکانیانەوە لەنێودەبرێن."
ئەردۆغان باسی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە باشووری کوردستانیش کرد و گوتی: "بە ئۆپەراسیۆنی چنگ- قوفڵ لە باکووری عێراق، دیوارێکی پتەومان لەنێوان قەندیل و وڵاتەکەمان دروست کرد. بەو ئۆپەراسیۆنانەی لەودیوی سنوورەکان کردمان."
ئۆپەراسیۆنی چنگ- قوفڵ لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لە لایەن تورکیاوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.
تورکیا تاوەکو ئێستا سێ ئۆپەراسیۆنی زەوینی کردووەتە سەر رۆژئاوای کوردستان و سووریا. دووانیان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بوون لە ساڵەکانی 2018 و 2019 و لە ئەنجامدا هەرێمی عەفرین و سنووری گرێ سپی و سەرێ کانی داگیرکردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ