رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی رایگەیاند، پێدانەوەی شارەوانییەکان بە دەم پارتی، رۆڵی لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەر دەبێت. دەشڵێت، ''دەبێت کورد و تورک کار بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بکەن''.
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان لە بازنەی وان، رۆژی یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، لە درێژەی کۆبوونەوەکانی پارتەکەی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژنان، لە وانی باکووری کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، چەندین ساڵە خوێنی کورد و تورک دەڕژێت و هەردوولا باجیان داوە: ''با ئیدی هیچ کەسێک بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست نەکات''.
بوڵدان پێیوایە، دانانی قەییوم بەربەست بۆ پرۆسەی چارەسەر دروست دەکات. باسی لەوەش کرد، "دەبێت حکومەتی تورکیا بەڕێگەی دیموکراسی هەوڵی سەرخستنی پرۆسەکە بدات و هەنگاوی کرداری بنێت."
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی جەختیشی کردەوە، ''گەڕاندنەوەی شارەوانییەکان بۆ سەرۆک شارەوانییەکانی دەم پارتی و شادکردنەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ بە ئازادی، بێگومان سوود بە پرۆسەکە دەگەیێنێت''.
دەشڵێت: ''لە پرۆسەیەکداین، هی ئەوە نییە ئیدی کورد و تورک تێیدا گیان لەدەست بدەن. دەبێ کورد و تورک دەست لەنا ودەست بەیەکەوە کار بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بکەن. دەبێت پشتیوانی لە بەڕێز ئۆجەلان بکەین و پرۆسەکە بۆ پرۆسەی ئاشتی بگۆڕین."
رۆژی 27 شوباتی 2025، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە بانگەوازێکدا داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
پەکەکە دوای دوو رۆژ، 1ی ئاداری 2025 رایگەیاند، بەو مەرجەی ئۆجەلان خۆی سەرپەرشتی کۆنگرەکە بکات، پابەندی بانگەوازەکە دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ