ئی پارتی رەتیدەکاتەوە هاوپەیمانی لەگەڵ جەهەپە پێکبهێنێت

08-12-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئی پارتی تورکیا دەڵێت، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی رەتیدەکاتەوە هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەگەڵ جەهەپە پێکبهێنێت.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 8ـی کانوونی یەکەمی 2023، مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئی پارتی سەردانی لقی رێکخستنەکانی پارتەکەی لە شاری ترابزۆن کرد و سەبارەت بە ئەگەری پێکهێنانی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیارە رۆژی 31ـی ئاداری 2024 ئەنجام بدرێت، بۆ رۆژنامەڤانان دوا.
 
رۆژی 30ـی تشرینی دووەمی 2023، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە سەردانی بارەگای سەرەکی ئی پارتی کرد و لەگەڵ مەرال ئاکشەنەر کۆبووەوە و داوای هاوپەیمانی کرد بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان. لە کۆبوونەوەکەدا ئاکشەنەر پێی راگەیاند، پرسەکە لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی تاوتوێ دەکات و دواتر بڕیارەکەیان بۆی رای گشتی ئاشکرا دەکەن.
 
مەرال ئاکشەنەر ئەمڕۆ هەینی لەوبارەوە رایگەیاند، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی بە وردی گفتوگۆی لەبارەی ئەو بابەتە کرد و پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ جەهەپەدا خرایە دەنگدانەوە و لە ئەنجامدا بە 14 دەنگی بەڵێ و 35 دەنگی نەخێر یەکلاییکرایەوە و بڕیاردرا ئی پارتی بە تەنیا بچێتە هەڵبژاردنەکەوە.
 
لە هەردوو هەڵبژاردنی 2019 و 2023دا جەهەپە و ئیی پارتی دوولایەنی سەرەکیی پێکهێنەری هاوپەیمانیی میللـەت بوون.
 
هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بۆ ئۆزگور ئۆزەل یەکەم تاقیکردنەوە دەبێت و دەیەوێت گەورە شارەوانییەکانی ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ بباتەوە. لە بەرامبەردا ئاکپارتی زۆر بەجیدی کار دەکات بۆ ئەوەی هەردوو گەورە شارەوانییەکە لە جەهەپە بسەنێتەوە.
 
لە هەڵبژاردنی 2019دا هەدەپە داوای لە دەنگدەر و لایەنگرانی کرد لە بەشێک لە شارە گەورەکانی تورکیادا پاڵپشتی لە بەربژێرەکانی هاوپەیمانیی میللەت بکەن و ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی بەربژێرەکانی جەهەپە بتوانن ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە ببەنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە