وەزیری ناوخۆی تورکیا گیانلەدەستدانی 84 گەریلای راگەیاند

08-11-2023
هێمن عەساف
نیشانەکردن شەڕی تورکیا و پەکەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئاماری 10 مانگی ئەم ساڵی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان لە دژی پەکەکە، تاوانباران، بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و قاچاخچێتی کردن بە مرۆڤ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەم ماوەیەدا 84 گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
 
پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2023، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی بودجەی ساڵی 2024ـی وەزارەتەکەی، بەشداری لە کۆبوونەوەی لیژنەی پلاندانان و دارایی لە پەرلەمانی تورکیا کرد و گوتارێکی پێشکێشکرد.  
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا لە گوتارەکەیدا، زانیاریی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش و فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە لە 10 مانگی ئەم ساڵ بە ئەندامانی لیژنەکەی پەرلەماندا. 
 
لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" عەلی یەرلیکایا رایگەیاند، 19 هەزار و 756 ئۆپەراسیۆن لە ناوچە شاخاوییەکان، گوند و دێهاتەکان، سەنتەری شار و ناوچە دوورەدەستەکاندا کراون؛ لە ئەنجامدا 84 گەریلا گیانیان لەدەستداوە، پێنج گەریلا بە برینداری کەوتووەتە ژێردەستیان، 107 گەریلا خۆیان رادەستکردووە و 525 گومانلێکراو بە تۆمەتەکانی پروپاگەندە و هاوکاریکردنی پەکەکە دەستگیرکراون. 
 
عەلی یەرلیکایا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەکان لەدژی رێکخراوە تاوانکارییەکانەوە رایگەیاند، لە 10 مانگی ئەم ساڵدا 370 ئۆپەراسیۆن دژ بە رێکخراوە تاوانکارییەکان کراوە و توانرا پێنج هەزار و 411 گومانلێکراو دەستگیر بکرێت و لەو ژمارەیەش هەزار و 800یان دەستبەسەر و هەزار و 481 کەسیان بە مەرجی دادوەری ئازاد کراون.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە دۆخی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ـی شوباتی ئەم ساڵ کرد و گوتی، "دوو ملیۆن و 500 هەزار لێقەوماوی بوومەلەرزەکان لە 645 هەزار خێوەتی دامەزراو ماون. لە 20ـی ئەیلوولەوە هیچ لێقەوماوێک لە خێوەتەکاندا نەماوە."
 
گوتیشی، "60 هەزار و 421 باڵەخانەی زیانبەرکەوتووی بوومەلەرزەکان لە 68 رۆژدا رووخێندران. هەروەها 200 هەزار و 250 باڵەخانەش کە زیانێکی کەمتریان بەرکەوتبوو، 65٪ی رووخێندرا." 
 
رۆژی 28ـی نیسانی 2023، ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، کوژرانی پێنج سەربازی تورکیا لە پێکدادانێکیان لە دژی هێزەکانی جەندرمە لە بەرزاییەکانی نزیک لە شارۆچکەی نسێبین سەر بە پارێزگای مێردین بڵاوکردەوە. وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش کوژرانی سێ سەربازی راگەیاندبوو. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە ئەنجامی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ناوخۆ کە لە 2017ـەوە لە باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، 258 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و دەستبەسەر 619 حەشارگە و ئەشکەوت و جبەخانە گیراوە. لە بەرامبەردا 23 سەرباز کوژراون. هەپەگە-ش لەم ئۆپەراسیۆنانەدا کوژرانی 57 سەرباز و گیانلەدەستدانی 43 گەریلای راگەیاندووە. 
 
دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015دا، شەڕی کۆڵان بەکۆڵان لە نێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان روویدا و تاوەکو نیسانی 2016ـی خایاند.
 
لەم قۆناخە بەدواوە و لە سەرەتای ساڵی 2017ـەوە ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا حەوت جۆر زنجیرە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازیی لە باکووری کوردستان بەناوەکانی "شکێنەر، تەڵە، هەورە برووسکە، باگۆک، ئەرەن، ئابڵوقە و قارەمانەکان" لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان و دوورەدەستەکان لە باکووری کوردستان کردووە.  

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تولای هاتیمئۆغوڵڵای، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی).

دەم پارتی لەبارەی رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان رەخنە لە حکومەتی تورکیا دەگرێت

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا پەیوەندی بە پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دواخستنی دیدارەکەی ئۆجەلان پەیوەندی بە پێشهاتەکانی سووریاوە هەیە.