تورکیا

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەمیانی هەپڤەیڤینەکەدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنە عێراقییەکە، وێنە: AA
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا رایگەیاند، ناسەقامگیریی زیاتر لە سووریا دروست دەکات، هەروەها لەبارەی پەکەکەوە دەڵێت، ''هیوادارین دۆستانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیشمان لە سلێمانی، هاوشێوەی ئەوانەی هەولێر، خۆیان لە رێکخراوی تیرۆریستی پاکبکەنەوە.''
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا شەوی دووشەممە، 7ـی نیسانی 2025 لە ئەنقەرە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ میدیایەکی عێراقی کرد. فیدان، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی وەک ''مەترسی'' بۆ سەر خاکی عێراق ناوبرد و گوتی، ''هیوادارم حکومەتی عێراق و نیشتیمانپەروەرانی عێراق، ئەو هەوڵەی پێویست بێت لە دژی پەکەکە بیدەن کە خاکی عێراقی داگیرکردووە و لە ناوچەی کوردی و عەرەبیدا نیشتەجێیە.''
عێراق، پەکەکەی وەک ''رێکخراوی قەدەخەکراو'' ناساندووە، بەڵام تورکیا داواکاریی زیاتری لە عێراق هەیە و دەیەوێت، وەک ''رێکخراوی تیرۆریستی''ـیش بیناسێنێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، ''ئێمە لەگەڵ هەولێر پەیوەندیی باشمان هەیە. سەیرکەن، بەڕێز مەسعود بارزانی ئەوەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و ناوچەکە لەدەستی بێت، دەیکات، چەندینجار ئەمەمان لێی بینی، جا چ لە بابەتی تیرۆر بێت، چ لە بابەتی وزە بێت، هەوڵی زۆری داوە.''
فیدان گوتیشی، ''سەبارەت بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، هەموو ناوچەکە دەزانن، کەسێکی چەندە بنیاتنەر و پاڵپشتیکارە. واتە، کەسێکە لە هەموو پرسەکاندا هەوڵدەدات چارەسەرێکی ئەرێنی بۆ کێشەکانی ناوچەکە بدۆزێتەوە. بەڕێز مەسرور بارزانی، وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمەکە، هەموو هەوڵێک بۆ باشترکردنی ژێرخانی ناوچە کوردییەکە دەدات. واتە هەمووان بە خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکەی خۆیان سەرقاڵن. ئێمە کە ئەمە دەبینین، دڵخۆش دەبین.''
وەزیری دەرەوەی تورکیا داواکارییەکی لە یەكێتی هەیە و دەڵێت، ''هیوادارین دۆستانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیشمان لە سلێمانی، هاوشێوەی ئەوانەی هەولێر، خۆیان لە رێکخراوی تیرۆریستی پاکبکەنەوە و تەنیا بە خزمەتکردنی خەڵکی خۆیان سەرقاڵ بن''.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە 27ـی شوباتی ئەمساڵ، داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبووەشێنێتەوە. فیدان لەمبارەیەوە گوتی، هیوادارن پەکەکە پابەندی ئەو بانگەوازە ببێت، ''ئەگەر ئەمە بکات، کورد و گەلانی ناوچەکە لە عێراق، تورکیا و سووریا سوودمەند دەبن. ئەگەر ئەمە نەکات، تاوەکو ئەمڕۆ چی کرا بێت، لەمەو بەدواش ئەمە دەکرێت، بەڵام من چاوەڕێ دەکەم لەماوەیەکی نزیکدا پێشهاتێک رووبدات''.
سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: ''ئەوە گرنگە ئیسرائیل لێرەدا بەرپرسیارانەتر مامەڵە بکات. سیاسەتی داگیرکردن، لە بەرژەوەندیی ئاسایشی ئیسرائیل دا نییە. سیاسەتێکە سووریا بەرەو ناسەقامگیریی زیاتر دەبات''.
رۆژی 10ـی ئاداری 2025 رێککەوتنێکی هەشت خاڵی لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆ کرا.
لە وەڵامی پرسیاری ''ئایا ئیسرائیل رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا وەک مەترسیێک دەبینێت و هەوڵی تێکدانی دەدات؟'' وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، ''دەکرێت''.
لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، فیدان گوتی، ''زیانێکی زۆری مادی بە عێراق گەیاندووە. هیوادارم ئەمە چارەسەر بکەن''.
لە ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە بەرژەوەندیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، کاتێک رایگەیاند، تورکیا رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێلکردووە، چونکە لە ساڵی 2014ـەوە رێگەی بە فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوتی هەرێمی کوردستان داوە، بێ ئەوەی رەزامەندی لە بەغدا وەربگرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان رایگەیاند، هەموو وڵاتانی ناوچەکە لێی سوودمەند دەبن. باسی ئەگەری بەشداربوونی سووریا لە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان کرد و گوتی، ''ئەگەری هەیە و باشیش دەبێت. پێموایە، سووریا بە چەند شێوازێک دەتوانێت ببێتە بەشێکی پرۆژەکە''.
رێگەى گەشەپێدان هەزار و 200 کیلۆمەتر دەبێت، لە بەندەرى فاو لە بەسرە دەستپێدەکات و بۆ نێو باکووری کوردستان و تورکیا درێژدەبێتەوە.
خەرجیی پڕۆژەکە بە 17 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، 10.5 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی شەمەندەفەری کارەبایی مۆدێرن و 6.5 ملیار دۆلاری بۆ درێژکردنی هێڵی ئاسن تەرخان دەکرێت.
قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە لە ساڵی 2028 تەواو دەبێت، قۆناخی کۆتایی لە ساڵی 2050 تەواو دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ