رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بڕیاری گرتنەبەری زنجیرەیەک رێکاریان لە دژی ئیسرائیل داوە و رێکارەکان تا ئەوکاتەی تەلئەڤیڤ ئاگربەست رادەگەیێنێت بەردەوام دەبن.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە باسی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کرد و جەختیکردەوە کە تورکیا لە سەرەتاوە هەڵوێستی هەبووە؛ پشتگیریی فەڵەستینییەکانی کردووە و هەڵوێستی لە دژی ئیسرائیل نیشانداوە.
هاکان فیدان سەبارەت بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی لەڕێی ئاسمانەوە بۆ غەززەییەکان گوتی، "ئێمە هەوڵی چڕ دەدەین بۆ ئەوەی کۆمەک بگەیێنینە غەززەییەکان. زیاتر لە 52 هەزار تۆن هاوکاریمان ناردووەتە میسر تا بگاتە غەززە. ئەمڕۆ تورکیا یەکێک لەو دوو وڵاتانەیە کە زۆرترین هاوکارییان ناردووەتە غەززە".
فیدان باسی لەو هاوکارییانە کرد کە لەڕێی ئوردنەوە دەنێردرێنە غەززە و رایگەیاند، "ئێمەش داواکاریی خۆمان گەیاند بۆ ئەوەی لەڕێی فڕۆکە کارگۆییەکانمانەوە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی گەیاندنی کۆمەک لەڕێی ئاسمانییەوە بکەین. لایەنی پەیوەندیداری ئوردن داواکارییەکەی پەسندکرد، بەڵام ئەمڕۆ زانیمان کە ئیسرائیل رەتیکردووەتەوە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، تورکیا زنجیرەیەک رێکار لە دژی ئیسرائیل دەگرێتەبەر و گوتی، "ئەو رێکارانە کە لەلایەن بەڕێز سەرۆککۆمارمانەوە پشتڕاستکراونەتەوە، هەنگاو هەنگاو بێ دواکەوتن، جێبەجێ دەکرێن. دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ئەو رێکارانە بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە. تاوەکو ئەوکاتەی ئیسرائیل ئاگربەست رادەگەیەنێت، هەروەها تاوەکو ئەوکاتەی رێگە بە گەیشتنی کۆمەکی مرۆیی بێ پچڕانەوە بە غەززە دەدات، ئەو رێکارانەمان بەردەوام دەبن".
شەش مانگ پێش ئێستا و لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 هێرشەکانی ئیسرائیل دوای هێرشی حەماس بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل، دەستیانپێکرد. لە مانگەکانی رابردوودا سەرنجی ئیسرائیل لەسەر باشووری غەززە بووە.
زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتیی غەززە ئاوارەی شاری رەفەح بوون، کە نزیکە لە سنوورەکانی میسرەوە.
بەپێی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، لە 7ی ئۆکتۆبەردا حەماس زیاتر لە 250 کەسی لە ناوچەکانی ژێر دەستی ئیسرائیل بە دیل گرت و زیاتر لە 1200 سەرباز و کەسیشی کوشت.
تاوەکو ئێستا بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، بەپێی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 33 هەزار و 100 فەڵەستینی کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ