عەبدوڵڵا ئۆجەلان: پرسی ژن لە پرسی کورد قووڵتر و لەمێژترە

08-03-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەبۆنەی 8ـی ئادار، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ''پرسی ژن، لە پرسی کورد قووڵتر و لەمێژترە.'' 
 
پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی پرسی ژن، ئەمڕۆ (شەممە، 8ـی ئاداری 2025) کە هاوکات رۆژی جیهانیی ژنانیشە، لەلایەن گرووپی ژنانی دەم پارتی لە دیدارێک کە لە ئامەدی باکووری کوردستان سازکرابوو، خوێندرایەوە.
 
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، پرسی ژن لە پرسی کورد قووڵتر و لەمێژترە، باسی لەوەش کردووە، ''نابێت ژن لە چوارچێوەی بایۆلۆژییەوە هەڵبسەنگێندریت. بەڵکو دەبێت، لە روانگەی کۆمەڵگەیی، کولتووری و مێژووییەوە هەڵبسەنگێندرێت.'' 
 
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ''من، دژی عیشق و پێکهێنانی ژیانی هاوژینی نیم، بەڵام هەموو رۆژێک بە ناوی عەشقەوە تاوانی مەترسیداری کوشتن روودەدات. رەوایە مرۆڤ مەعشوقەکەی خۆی بکوژێت؟ ئەمە عەشق نییە. زۆر روونە، زۆربەی ژنان بەهۆی ئەو پەیوەندییانەوە دەکوژرێن.'' 
 
ئۆجەلان پێیوایە، ''پیرۆزی تایبەتە بە ژن، ژن خودی گەردوونە''. رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە گوتوویەتی، ''شتێک هەیە بەناوی کولتووری ژنی ئازاد. ژنان هەوڵدەدەن قۆناخی بوون بە دایک و هاوژین، تێبپەڕێنن.''
 
رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان باسی لەوە کردووە، ''سیستەمی کۆمەڵگەی پیاوسالاری، کێشەی زۆری بۆ ژنان دروست کردووە''. هەروەها راشیگەیاندووە، ''دەبێت لەگەڵ ئەم هزری پیاوسالارییە، شەڕ بکرێت.'' 
 
ئۆجەلان لەبارەی ئەو بانگەوازەی لە 27ـی مانگی رابردوو لە ژێر ناونیشانی ''بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی'' کردی، گوتوویەتی، ''ئەم بانگەوازە بۆ ژنان رێنێسانس (دووبارە لەدایکبوونەوە)ـیە''.
 
رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی، ''رۆژی جیهانیی 8ـی ئاداری ژنانی رەنجدەر، پیرۆز دەکەم''.
 
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وانی باکووری کوردستان و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، رۆژی سێشەممە، 4ـی ئەم مانگە لە دیمانەیەکدا گوتی، "لە دوایین سەردانمان دا بۆ لای بەڕێز ئۆجەلان، باسی 8ـی ئادار (رۆژی جیهانیی ژنان)ـی کرد، ئێمە ئەمانەمان یاداشت کرد، ئێستاش ئامادەکاری دەکەین و لە 8ـی ئادار دا ئەو پەیامە لە مەیدانەکاندا دەخوێندرێتەوە."
 
شاندی ئیمراڵی، رۆژی 27ـی شوباتی 2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی ساز کرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە. 
 
ئۆجەلان لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتی، "کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە