رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی راگەیاندنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، شاندەکەیان رۆژی شەممەی داهاتوو سەردانی گرتووخانەی ئەدیرنە دەکەن و لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش کۆدەبنەوە.
هەر بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکە، رۆژی دواتر شاندەکە سەردانی گرتووخانەی کاندرا لە پارێزگەی کۆجائەلیی تورکیا دەکات و لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کۆدەبێتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە بەشێکی شرۆڤەکار و شارەزایانی سیاسیی تورکیا، لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە ئاماژەیان بەوە کردبوو، بۆ بە ئەنجامگەیاندنی پرۆسەکە، جگە لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پێویستە گفتوگۆ و راوێژ لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاشیش بکرێت.
فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە لە ساڵی 2016ـوە لە زیندانن و لەنێو ئەو 108 ئەندام و بەرپرسەی هەدەپەدان کە لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ دادگاییکران.
رۆژی 7ـی کانوونی دووەمی 2025، کۆبوونەوەکانی شاندی دەم پارتی لەگەڵ پارتە سیاسییەکان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری کۆتاییان هات.
شاندەکە دوای دەمیرتاش و یوکسەکداغ، دووبارە دەچێتەوە ئیمراڵی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆدەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ