رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی 63 کەسی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە بزووتنەوەی خزمەت کە ناسراون بە گولەنییەکان، راگەیاند.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، هێزەکانیان لە دوو هەفتەی رابردوودا چەند ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر 38 پارێزگەی باکووری کوردستان و تورکیا کردووە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا راشیگەیاند، ئەو کەسانە پاڵپشتیی داراییان بۆ بزووتنەوەکە دابینکردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بانگەشەیان بۆی کردووە.
دوای جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان، دوو لە دەستگیرکراوەکان بە مەرجی دادوەری ئازادکران، هەروەها 36 کەسیان بڕیاری بەندکردنیان بۆ دەرچوو.
یەرلیاکایا ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی دەستگیرکراوەکانی دیکە بەردەوامە.
شەوی 15ـی تەمموزی 2016، بەشێک لە سەربازانی سوپای تورکیا جووڵەیان پێکرا و دەستیان بەسەر چەند دامودەزگایەکی حکومەتدا گرت، بەڵام ئەو هەوڵە شکستی هێنا و وەک کودەتا شکستخواردووەکەی 15ـی تەمموز چووە نێو مێژووی تورکیاوە.
حکومەتی تورکیا گولەنییەکانی خستووەتە لیستی تیرۆر و بە ئەنجامدانی هەوڵی کودەتاکە تۆمەتباریان دەکات، ئەوە لەکاتێکدایە گولەنییەکان رەتیدەکەنەوە دەستیان لە هەوڵێکی وەهادا هەبووبێت.
دوای هەوڵی کودەتاکە باری نائاسایی راگەیێندرا و حکومەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنی دژی گولەنییەکان دەستپێکرد.
بەهۆی ئەوەی فەتحوڵڵا گولەن، رابەری ئەو کاتی گولەنییەکان لە ویلایەتی پێنسلڤانیای ئەمریکا بوو، ئەم بابەتە کاریگەری خستەسەر پەیوەندییەکانی ئەنقەرە - واشنتنیش.
تورکیا چەندینجار داوای لە ئەمریکا کرد گولەن و بەشێک لە هاوڕێکانی رادەست بکات، بەڵام ئەو هەوڵە هیچ ئەنجامێکی بۆ ئەنقەرە نەبوو.
رۆژی 21-10-2024، فەتحوڵڵا گولەن باری تەندروستیی تێکچوو و گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی پێنسلڤانیا و دواتر کۆچی دواییکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ