prev
next
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، دەبێت حکومەتی تورکیا هەنگاوی ئاشتی بنێت. هاوکات رەخنە لە حکومەتی تورکیا دەگرێت، بەوەی هەلومەرجی ئاسایش و سەقامگیری بۆ بەستنی کۆنگرەی پەکەکە ناڕەخسێنێت.
سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رۆژی دووشەممە، 7ی نیسانی 2025 لە گوتارێکیدا لە پەرلەمانی تورکیا، لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان رایگەیاند، ''بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرات، رێنیشاندەرێکە بۆ ئەوەی تورکیا لە قەیرانی سیاسی و ئابووری رزگاری بێت''.
تەمەللی رەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت بەوەی هەنگاوی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری نەناوە و گوتی: ''باشە دەسەڵات چی دەکات؟ هەمیشە هەمان شت دووبارە دەکاتەوە و دەڵێت، با پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و چەکەکانیان دابنێن. باشە چۆن کۆنگرە ببەستن؟ چۆن هەلومەرجی ئاسایشی بۆ بەستین کۆنگرە دەڕەخسێندرێت؟ بەڕێز ئۆجەلان چۆن بەشداری لە کۆنگرە دەکات و بە چ رێگەیەکی پەیوەندی لەوێ دەبێت؟ هیچ هەنگاوێک لەمبارەیەوە نەنراوە''.
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی حکومەتی تورکیای لەبارەی چەکدادان، بە ''سەرقاڵکردن'' ناوبرد و گوتی ''ئیدی واز لە بیانووی درەنگخستن بهێنن. راستیبین و رژد بن. هەنگاوی ئاشتی لە پێناو بەجێگەیاندنی چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە بنێن''.
تەمەللی جەختیکردەوە، پەرلەمانی تورکیا ناونیشانی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەرییە، ''پەرلەمان ئامادەیە، پەرلەمان بۆ کۆبوونەوە لەپێناوی سازان ئامادەیە، بۆ پێکهێنانی لیژنە ئامادەیە، بۆ بەرەوپێشبردنی کۆبوونەوەکان ئامادەیە. پارت و شاندەکەمان تاوەکو ئەمڕۆ بەشێوەیەکی رژد کار و چالاکییەکانی کردووە و لە کردنیشی بەردەوام دەبێت''.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە بانگەوازێکدا بۆ پەکەکە گوتی، "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت رێبەری پەکەکە خۆی سەرپەرشتیی کۆنگرەکە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ