رووداو دیجیتاڵ
شاندی دەم پارتی ئەمڕۆ سەردانی جەهەپە، پارتی دەڤا و سەرلەنوێ رەفاهی کرد و کۆبوونەوەکانی شاندەکە لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆتاییهات.
شاندی دەم پارتی سەرەتا سەردانی بارەگای پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی کرد و کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکەش هەردوو پارتەکە کۆنفرانسێکی هاوبەشی رۆژنامەڤانییان کرد.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، نیگەرانی، چاوەڕوانی، رەخنە و تێبینییەکانیان سەبارەت بە پڕۆسەکە بە شاندی دەم پارتی گەیاندووە.
ئۆزەل گوتیشی، ''هەر هەنگاوێک کە بۆ نەهێشتنی کێشەی 50 ساڵەی تورکیا و کۆتاییهێنان بە فرمێسکی دایکان بنرێت، وەک جەهەپە پاڵپشتیی لێدەکەین''.
سەرۆکی جەهەپە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری جەختیکردەوە، ''پڕۆسەیەکی وەها دەبێت لە چوارچێوە و رێوشوێنی پەرلەمانەوە بەڕێوەبچێت. بۆ هەموو ئەو هەنگاوانەی داهاتوو لەبارەی پرۆسەکە، پێویستە هەوڵ بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی بەهێز لە پەرلەمان بدرێت کە هەموو پارتە سیاسییەکان تێیدا بەشداربن.''
هەر لەبارەی پرۆسەکە، ئۆزەل رایگەیاند، دژی هەر هەنگاوێک دەوەستنەوە کە بە مەبەستی هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا بنرێت. جەختیشی کردەوە، دەبێت پرۆسەکە بەشێوەیەکی دیموکراسی و شەفاف و دوور لە هیچ جۆرە بەرژەوەندیێکی سیاسی بەڕێوەبچێت.
سری سورەیا ئۆندەر لای خۆیەوە رایگەیاند، نیگەرانی و رەخنەی جەهەپە، هێندەی پاڵپشتییەکانیان بۆ ئەوان گرنگە و گوتی، ''ئەمە پەیوەندیی بە هەموو کۆمەڵگەوە هەیە، دەبێت رێگەچارە بۆ هەموو لایەک بدۆزینەوە. ئێمە 'وڵاتێکی ئاشتییانە' قەرزاری رۆڵە و نەوەکانمانین''.
شاندەکە هەر ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025، سەردانی بارەگای پارتی دەڤای کرد و لەگەڵ عەلی باباجان، سەرۆکی پارتەکە کۆبووەوە، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەش کۆنفرانسێکی هاوبەشی رۆژنامەڤانییان کرد.
باباجان جەختی لە پاڵپشتیی پارتەکەی بۆ پرۆسەی چارەسەری کردەوە و رایگەیاند، ''زەوینەی رەوای چارەسەری کێشەکانی تورکیا، سیاسەتی دیموکراسییانەیە''.
سەرۆکی پارتی دەڤا گوتی، ''تاوەکو ئەمڕۆ نازانین بەڕێز ئەردۆغان وەک سەرۆککۆماری وڵات، لە کوێی ئەم بابەتەدایە، بەڵێ پەرلەمان زەوینەیەکی گرنگی چارەسەرە، دڵی دیموکراسییە، بەڵام ئەگەر سیستمی ئێستای بەڕێوەبردنمان بە بنچینە وەربگرین، پێویستە بەڕێز ئەردۆغان هەڵوێستی خۆی بەزوویی لەنێو ئەو پرۆسە و هەوڵانەدا دیاریبکات''.
لەلایەن خۆیەوە سری سورەیا ئۆندەر رایگەیاند، هێشتا دیار نییە کەی سەردانی ئیمراڵی دەکەن، هەروەها گوتیشی، بۆ سەردانەکەی ئیمراڵی، ئەحمەد تورکیش لەگەڵ شاندەکە دەبێت.
ئۆندەر لەبارەی سەردانیکردنیان بۆ لای سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە گوتی، ''بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم هەفتەیە''.
هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکان، ئەمڕۆ ئێوارە شاندەکە سەردانی پارتی سەرلەنوێ رەفاهی کرد و لەگەڵ سەرۆک و پەرپرسی ئەو پارتە کۆبووەوە.
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکدا بیروبۆچوونەکانیان لەگەڵ شاندی دەم پارتی تاوتوێکردووە و رایگەیاند، ''وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەیان سەبارەت بە پرۆسەکە و نیگەرانییەکانمان لەبارەی پرۆسەکە دایەوە. پشت بە خودا دەبێت مامەی ئەنجامی خێردار''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ