رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمەی تورکیا رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانیان لە پارێزگای کرکڵارئەلی، 190 کۆچبەریان دەستبەسەرکردووە کە ویستوویانە بچنە ئەورووپا.
رۆژی چوارشەممە 06-11-2024، فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمەی تورکیا بڵاویکردەوە، لە هەفتەی رابردوودا چەند ئۆپەراسیۆنێکیان بەمەبەستی ''رێگریی لە قاچاخیکردن بە کۆچبەران'' لە پارێزگای کرکڵارئەلی کردووە.
لە ئۆپەراسیۆنەکاندا 190 کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەرکران.
دوای جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان، کۆچبەرەکان رەوانەی ناوەندی دیپۆرتکردنەوەی شارۆچکەی پەهلیڤانکۆ لە پارێزگاکە کران.
هاوکات هێزەکانی جەندرمە شەش کەسیان بە تۆمەتی ''قاچاخیێتی بە کۆچبەران'' دەستبەسەرکرد.
دوای ئەوەی تۆمەتبارەکان رەوانەی دادگا کران، بڕیاری بەندکردن بۆ چواریان دەرچوو و دووەکەی دیکەش بەمەرجی دادوەری، ئازادکران.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە هەشت مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 126 هەزار و 766 کۆچبەری نایاسایی لەو وڵاتە دەستبەسەرکراون و، زۆربەشیان لەو کاتەدا بووە کە هەوڵیانداوە بچنە ئەورووپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ