رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی سەرلەنوێ رەفا رایگەیاند، تورکیا بەم هەلومەرجەوە ناتوانێت بەردەوام بێت و 23-11-2025 بە کاتێکی گونجاو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەزانێت.
دوای کۆبوونەوەی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی پارتی سەرلەنوێ رەفا کە رۆژی پێنجشەممە 5-9-2024 بەڕێوەچوو، سوعاد کڵچ، گوتەبێژی پارتەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هەڵبژاردنی پێشوەخت دەرگا لە تورکیا دەگرێت.
سوعات کڵچ رایگەیاند، رێکخستنەکانی پارتەکەی لە ئامادەکاریدان بۆ هەڵبژاردنێکی پێشوەخت و گوتی، "هیچ رێگەیەکی تێناچێت تورکیا لە هەلومەرجێکی وەهادا بتوانێت ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت. ئەو گوندەی بە چاو دەبینرێت، پێویستی بە قیبلەنامە نییە. دەبینین تورکیا بەرەو هەڵبژاردنێکی پێشوەخت دەڕوات. دەکرێ پاییزی 2025 یان بەهاری 2026 بێت. ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە لە دەرگا دەدات".
کڵچ باسی لە کاریگەرییەکانی هەڵاوسان، هێڵی هەژاری و بێکاری کرد و گوتی، "ئێمە وەکو پارت رۆژی 23-11-2025 بە کاتێکی گونجاو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەزانین. بێگومان ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام دەبێت لەسەر بانگەوازەکانی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت. دەسەڵاتیش بەردەوام دەبێت لە دوورخستنەوەی وڵاتەکە لە هەڵبژاردنی پێشوەخت، بەڵام ئەوەی براوە دەبێت، خەڵکە".
سەرلەنوێ رەفا
پارتی سەرلەنوێ رەفا لەلایەن فاتیح ئەربەکانەوە دامەزراوە کە هەر خۆیشی سەرۆکیەتی.
سەرلەنوێ رەفا پارتێکی ئیسلامییە و ساڵی 2018 دامەزراوە. فاتیح، کوڕی نەجمەدین ئەربەکان دامەزرێنەری پارتی رەفاهە. نەجمەددین ئەربەکان، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا بوو و لە ساڵانی نێوان 1996-1997 بە کودەتایەکی سەربازیی کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنرا.
ناوی یەنیدەن رەفا کە بە مانای (سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی) دێت لە پارتی رەفاهی نەجمەدین ئەربەکانەوە وەرگیراوە. ئەو پارتە لە پارتی سەعادەت جیابووەوە. ئێستا هەریەک لەو دوو پارتە خۆیان بە درێژەپێدەری رێبازی نەجمەدین ئەربەکان دەزانن.
سەرلەنوێ رەفا لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 2024دا پشتگیریی لە ئاکپارتی کرد و بەشێک بوو لە هاوپەیمانیی جمهوور. لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانیشدا کە رۆژی 31-3-2024 بەڕێوەچوو، سەرلەنوێ رەفا بە لیستی جیا بەشداریی کرد و لەڕووی رێژەی دەنگەوە، بووە سێیەمین پارتی تورکیا.
لەو هەڵبژاردنەدا جەهەپە 37.77٪، ئاکپارتی 35.49٪، سەرلەنوێ رەفا 6.19٪، دەم پارتی 5.7٪، مەهەپە 4.99٪ و ئیی پارتی 3.77٪ دەنگەکانی تورکیایان بەدەستهێنا.
لەو هەڵبژاردنەدا سەرلەنوێ رەفا شارەوانییەکانی گەورەشارێک، پارێزگایەک و 39 شارۆچکەی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ