رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ دەستیان بەسەر 455.2 کلیۆگرام کۆکاییندا گرتووە.
وەزارەتەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئەو بڕە کۆکایینە، رۆژی شەممە پێنجی نیسانی 2025 لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە لەلایەن تیمەکانی نارکۆکیم بۆ پاراستنی گومرگ کرا، لە بەشی کارگۆی فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ، دەستی بەسەردا گیرا.
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، کۆکایینەکە لە نێو بارهەڵگرێکدا بووە و لە نێو 40 سندووق کە لە دەرەوەی تورکیا هێندرابوون، شاردرابوونەوە.
فەرمانگەی داواکاری گشتیی گازی عوسمان پاشا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا پۆستەکەی وەزارەتی بازرگانیی بڵاوکردووەتەوە و دەستخۆشی لە تیمەکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی دەکات و دەڵێت: "رێگە نادەین ژەهرفرۆشەکان چاویان بکەنەوە."
بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کە پار بڵاوکراوەتەوە، ساڵی 2023 هێزە ئەمنییەکان لە چوار هەزار و 650 ئۆپەراسیۆندا، دەستیان بەسەر 502 کیلۆگرام کۆکاییندا گرتووە، هەروەها 7 هەزار و 26 تۆمەتباری پەیوەست بە مادە هۆشبەرەکانیان دەستگیر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ