رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەو هەنگاوانەی لە سووریا دوای کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی بەرەو رێککەوتنی نیشتمانیی دەنرێن گرنگن. داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد پشتگیریان بکات و گەمارۆ سەپێندراوەکان هەڵبگرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی ئاداری 2025، هاکان فیدان لە ئەنقەرە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ گۆردان گرلیچ رادمان، هاوتا کڕواتییەکەی، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان رێکخست.
لە بەشێکی قسەکانیدا، هاکان فیدان باسی لە دۆخی سووریا بە گشتیی و کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا کرد کە رۆژی 25ـی شوباتی 2025 لە دیمەشق بەڕێوەچوو. تێیدا رایگەیاند، ئەو هەنگاوانەی دوای کۆنفڕانسی دیالۆگی نیشتمانی لە سووریا سەبارەت بە رێککەوتنی نیشتمانیی دەنرێن، گرنگن.
فیدان باسی لە پێویستیی پشتگیریکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ سووریا و گوتی: "دیارترین هەنگاو بۆ پێشاندانی ئەم پشتگیرییە، هەڵگرتنی گەمارۆکانە بەبێ هیچ مەرجێک."
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: "زۆر گرنگە گەلی سووریا لەدەوری بیرۆکەی یەکێتی و یەکڕیزی خاکی وڵات کۆببنەوە. ئێمە وەک تورکیا بەردەوام دەبین لەسەر پشتگیریکردنی گەلی سووریا."
رۆژی 25ـی شوباتی 2025، لە کۆشکی گەل لە لە دیمەشق، کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی ئەنجامدرا. بەشداربووان لەبارەی پرسە چارەنووسسازەکاندا لەسەر 18 خاڵی هاوبەش رێککەوتن. بەرچاوترینیان گرنگی مانەوەی چەک تەنیا لەژێر دەستی دەوڵەت، رەتکردنەوەی جیاکاری و بەهێزکردنی کولتووری گفتوگۆکردن بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ