هەفتەی داهاتوو پەیامێکی دیکەی ئۆجەلان بڵاودەکرێتەوە

06-03-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەڵێت، لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، گوتیشی ئۆجەلان پەیامێکی لەبارەی پرسی ژن بە ئەوان داوە، هەفتەی داهاتوو لە رۆژی جیهانیی ژناندا لە هەموو شارەکانی تورکیا دەخوێندرێتەوە.
 
پەروین بوڵدان هەروەها لەسەر زاری ئۆجەلانەوە دەڵێت، قەییوم بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست دەکات. 
 
ژیانی رۆژانەی ئۆجەلان لە گرتووخانە
 
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وانی باکووری کوردستان و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، لە هەڤپەیڤینێکدا باسی ژیانی رۆژانەی ئۆجەلانی لە گرتووخانە دا کرد و گوتی "بەڕێز ئۆجەلان لە گرتووخانەی ئیمراڵی تەلەڤیزیۆنێکی هەیە، 22 کەناڵی تێدایە و ئێواران سەیری هەواڵەکان دەکات."
 
سێ ئەندامی پەکەکە هاوزیندانی ئۆجەلانن. پەروین بوڵدان دەڵێت، "بەڕێز ئۆجەلان لەگەڵ سێ هاوڕێکەی، رۆژێک وەرزش دەکات، رۆژێک گفتوگۆیان لەگەڵ دا دەکات، رۆژەکانی دیکە کاتەکانی زیاتر بە نووسین و خوێندنەوە بەسەردەبات."
 
ئۆجەلان بەمدواییانە نەشتەرگەری بۆ کراوە
 
سەبارەت بە تەندروستیی ئۆجەلان، پەروین بوڵدان گوتی "پێشتر کاتێک دەچووین، بەردەوام ئاو لە چاوەکانی دەهات، بەردەوام چاوەکانی دەسڕینەوە، لە سەردانەکەی 28ـی کانوونی یەکەم، خۆمان بینیمان، ئاو لە چاوەکانی دەهات و دەیسڕییەوە. بڕیاردرا نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، بۆ دووەمین جار کە چووین، نەشتەرگەرییەکەی کردبوو. گوتی، نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی کراوە و چاوەکانی بەباشی دەبینن."
 
بە گوتەی پەروین بوڵدان، ئۆجەلان دوو چاویلکە بەکاردەهێنێت. گوتیشی "بەڵام لە دوایین سەردانماندا، من بینیم، دووبارە ئاو لە چاوی دەهات و کلێنسی بەکاردەهێنا."
 
ئەو نەشتەرگەرییەی چاو کە بۆ ئۆجەلان کراوە بە گوتەی بوڵدان تەنیا نەشتەرگەریی ئاوی سپی بووە "ئەم ئاوەی لە چاوی دەهات، پەیوەندیی بەم نەشتەرگەرییەوە نییە. ئێمە پێشتر لە دکتۆرەکانیشمان پرسی بوو و گوتیان، بۆرییەکانی فرمێسکی چاوەکانی گیراون."
 
بۆچوونی ئۆجەلان لەسەر دانانی قەییوم
 
ژمارەیەک سەرۆکشارەوانیی دەم پارتی و جەهەپە، بە پاساوی جۆراوجۆر لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە و قەییوم لە شوێنیان دانراوە. لەوانەش گەورە شارەوانیی مێردین، کە سەرۆکەکەی ئەحمەد تورک بوو.
 
پەروین بوڵدان لەزاری ئۆجەلانەوە لەبارەی دانانی قەییوم دەڵێت، "دەستگیرکردن، دەستبەسەرکردن و دانانی قەییوم، بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست دەکەن و دەبێت دەوڵەت رێگرییان لێ بکات. ئەمە دوایین دەرفەتە، دەبێت هەموومان بەباشی بیقۆزینەوە."
 
ئۆجەلان بانگەوازەکەی باخچەلیی لە تەلەڤیزیۆنەوە بینیبوو و گوتی "سەرم سوڕما"
 
ئەو پرۆسەیەی ئێستا لە ئارادایە، بە دەستپشخەرییەکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، کاتێک لە یەکی ئۆکتۆبەری 2024 لە پەرلەمان تەوقەی لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی کرد، دواتر لە داوای لە ئۆجەلان کرد بێتە پەرلەمان و لەبەردەم فراکسیۆنی دەم پارتی داوا لە پەکەکە بکای چەک دابنێت.
 
پەروین بوڵدان ئاماژەی بە بۆچوونی ئۆجەلان لەبارەی دەوڵەت باخچەلی کرد و گوتی: "ئەو ئاگاداری بانگەوازەکەی باخچەلی نەبوو، کاتێک چووینە لای، بە ئێمەی گوت؛ منیش سەرم سووڕما. سەرەتا لە تەلەڤیزیۆنەوە بینیبووی. گوتی، من چاوەڕێی شتێکی وەهام نەدەکرد. زۆر بە بایەخەوە لەم بانگەوازەی بەڕێز باخچەلیی دەڕوانی و گوتی؛ مادام باخچەلی گۆڕاوە، هەمووان لە تورکیا دەگۆڕێن."
 
پەروین بوڵدان گوتیشی، دوای ئەو قسانە ئۆجەلان پێیگوتوون بڕۆن لەگەڵ هەموو لایەن و پارتە سیاسییەکان قسە بکەن و داوای پاڵپشتییان لێبکەن، نەک بە تەنیا پاڵپشتی، بەڵکو پێشنیاز، تێبینی و رەخنەکانیشیان وەربگرن، دواتر ئەنجام و نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانم بۆ بهێنن، من بەگوێرەی ئەمە، پەیامێک ئامادە دەکەم.
 
بۆچوونی ئۆجەلان لەبارەی پرسی ژنان
 
بە گوتەی پەورین بوڵدان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان زۆر بە رووداوەکەی نارین گوران ناڕەحەت بوو. زۆر بە رووداوی کوشتنی ژنان ناڕەحەت بوو.
 
نارینی تەمەن 8 ساڵان، رۆژی 21ـی ئابی 2024 لە گوندی چولی سەر بە شارۆچکەی رەزانی ئامەدی باکووری کوردستان بێسەروشوێن بوو، رۆژی 8 ئەیلوول تەرمەکەی لە تورەگەیەکدا لە رووباری گوندەکەدا دۆزرایەوە. بەپێی راپۆرتی پزیشکی داد، نارین خنکێندراوە.
 
پەروین بوڵدان گوتی "لە دوایین سەردانمان بۆ لای، باسی 8ـی ئادار (رۆژی جیهانیی ژنان)ـی کرد، ئێمە ئەمانەمان یاداشت کرد، ئێستاش ئامادەکاری دەکەین و لە 8ـی ئادار دا ئەو پەیامە لە مەیدانەکاندا دەخوێندرێتەوە. باس لە یەکسانی و ئازادیی ژنان دەکات." 
 
وەک پەروین بوڵدان لەسەر زاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان باسی کردووە، "ئەو بانگەوازە، بۆ ژنان دەبێتە مێژوویی، داوای کرد لە 8ـی ئادار لە مەیدانەکاندا بیخوێنینەوە. بە ئێمەی گوت، ئەمە بۆ ژنان دەبێت بە رێنسانس و میرات. ئێمە ئێستا ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکەین و 8ی ئادار لە مەیدانەکانی هەموو شارەکان، دەخوێندرێتەوە." 
 
"لەسەر داوای ئۆجەلان سەردانی هەرێمی کوردستمان کرد"
 
شاندی ئیمرالی، جگە لە سەردانی لایەنە سیاسەکانی تورکیا، سەردانی هەرێمی کوردستانیشیان کرد.
 
پەروین بوڵدان دەڵێت "بەڕێز ئۆجەلان داوای کرد، سەردانی باشووری کوردستان بکەین و لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی کۆببینەوە. هەروەها داوای کرد، بچینە سلێمانی و لەگەڵ کوڕانی تاڵەبانی، بافڵ و قوباد کۆببینەوە. داوای کرد لەگەڵ هێرۆ تاڵەبانی، هاوژینی جەلال تاڵەبانی و شاناز تاڵەبانی، خوشکەکەی کۆببینەوە. سڵاو و چاوەڕوانییەکانی بەڕێز ئۆجەلانمان بە ئەوان گەیاند. چونکە بەڕێز ئۆجەلان بەردەوام دەڵێت، بارزانییەکان و تاڵەبانییەکان، لەلای گەلی کورد جێگەی رێز و بایەخن. بارزانییەکان و تاڵەبانییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ پرۆسەکە خستەڕوو و جەختیان لەوە کردەوە؛ چەک، رێگەچارە نییە و دیموکراسی سوودی بۆ هەمووان هەیە، بەتایبەتی بۆ کورد."
 
هەنگاوی حکومەت لەبارەی پرۆسەکە
 
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی پێیوایە، ئەگەر هەلومەرجی فیزیکیی بەڕێز ئۆجەلان نەگۆڕدرێت، مانای وایە هەنگاوێکی گرنگی کرداری نەنراوە. 
 
پەروین بوڵدان گوتی: "بەڕێز ئۆجەلان پێویستی بە تیمێکە کاری لەگەڵدا بکەن، لە دوایین سەردانیشدا بە ئێمەی گوت؛ راستە من ئێستا لەگەڵ سێ کەسدا هەڵدەستم و دادەنیشم، بەڵام ئەمە بەس نییە و پێویستە هەلومەرجی کار و چالاکیم چاکبکرێت. ئەو پێویستی بە تیمێک هەیە، جا ئەمە لەنێو گرتووخانە دەبێ یاخود لە دەرەوە، ئەمە نازانم."
 
خوێندنەوەی بانگەوازەکە بە کوردی و تورکی
 
رۆژی 27ـی شوبات، پەیامەکەی ئۆجەلان لەلایەن ئەحمەد تورک بە زمانی کوردی و پەروین بوڵدان بە زمانی تورکی خوێندرایەوە. پەروین بوڵدان دەڵێت ئۆجەلان پێشنیازێکی دیکەی هەبووە.
 
پەروین بوڵدان گوتی "بەڕێز ئۆجەلان گوتی، با پەروین کوردییەکەی بخوێنێتەوە، منیش لەمبارەیەوە مۆڵەتم لێی خواست، چونکە من لە نەورۆزی 2015 لە دیاربەکر (ئامەد) پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلانم بە کوردی خوێندبووەوە، لەبەرئەوەی کوردییەکەم زۆر باش نەبوو، رووبەڕووی رەخنەی زۆر بوومەوە، پێمگوت، نامەوێت دووبارە تووشی ئەو رەخنانە ببمەوە. لێمی پرسی ئایا کوردییەکەم باش کردووە، گوتم؛ بەڵێ بەڵام لەو ئاستە دا نییە پەیامەکە بخوێنمەوە. کاتێک بە کۆدەنگی شاندەکە، گوتمان با بەڕێز ئەحمەد تورک کوردییەکەی بخوێنێتەوە، ئەویش رازی بوو." 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە