رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا دەڵێت، پلانی دەستپێکردنەوەی گەشتی ئاسمانیی هەولێر-ئامەدیان هەیە.
لە رێوڕەسمی کردنەوەی پرۆژەی رێگەیەکی سەرەکی لە ئامەد، عەبدولقادر ئۆرالئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا باسی لە دەستپێکردنەوەی گەشتی ئاسمانیی هەولێر-ئامەد کرد.
ئۆرالئۆغڵو باسی لە سەردانەکەی جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ئامەد کرد کە ئامەدییەکان ئەو کاتە داواکاریی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر و ئامەد پێدا.
ئۆرالئۆغڵو لەوبارەیەوە گوتی، "دەستمان بە هەوڵەکان کردووە. پەنا بە خودا، لەم مانگەدا پلانی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی هەولێرمان هەیە".
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد دەڵێت، لەوانەیە نەورۆزی ئەم ساڵ یەکەمین گەشت بکرێت.
محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد رۆژی سێشەممە 5-3-2024 لە نێو ستۆدیۆی ناوەندیی تۆڕی میدیایی رووداو بووە میوانی گەشتێکی هەواڵەکان و لەمبارەیەوە رایگەیاند، پێیان وایە بەر لە هەڵبژاردنی شارەوانیی تورکیا کە 31-3-2024 بەڕێوەدەچێت، گەشتەکان دەستپێبکەنەوە؛ هەروەها رایگەیاند، لەوانەیە رۆژی نەورۆز یەکەمین گەشت لەنێوان هەولێر و ئامەد بکرێت.
محەممەد کایا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گەشتی ئاسمانی لەنێوان هەولێر و ئامەد گوتی، ئەمڕۆ 5-3-2024 وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا لە ئامەدە و لەبارەی ئەو بابەتە گفتوگۆی زیاتر دەکرێت.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ رووداو: راگەیێندراومان دەبێت
رۆژی 5-3-2024 و دوای گوتەکانی وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی هەولێر و ئامەد، تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندی بە ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە کرد.
ئەحمەد هۆشیار بە رووداوی گوت، دوای هەڵسەنگاندنی بابەتەکە، راگەیێندراو لەبارەی گەشتی ئاسمانیی نێوان هەولێر و ئامەد بڵاودەکەنەوە.
تۆڕی میدیایی رووداو زۆر جار ئەم بابەتەی خستووەتە رۆژەڤ
تۆڕی میدیایی رووداو چەند جارێک ئەم بابەتەی خستووەتە رۆژەڤ و رۆژی 8-1-2023 لە بەرنامەی "لەگەڵ رەنج" کە لە ئامەد تۆمارکرا، محەممەد كایا، سەرۆكی ژووری بازرگانیی ئامەد گوتی، هەوڵی زۆریان داوە تاوەکو گەشتی ئاسمانیی نێوان ئامەد و هەولێر لە رێگەی کۆمپانیای سان ئێکسپرێس دەستپێبکەن و تەنیا چاوەڕێی وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێپێدانی فڕۆکەخانەی هەولێرن.
کۆمپانیای فڕۆکەوانی سان ئێکسپرێس تەنیا گەشت بۆ ئامەد ناکات، بەڵکو ئێستا لە ئامەدەوە بۆ پێنج شاری ئەڵمانیا و هۆڵەندا و قوبرسیش گەشتی هەیە، واتە دەکرێ لە رێگەی سان ئێکسپرێس، هەولێر بە ئامەد و دواتریش ئەوروپا ببەسترێتەوە.
ئەوکات محەممەد کایا بە رووداوی گوت، "ئەگەر مەسرور بارزانی، [سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان] گرنگی بەم بابەتە بدات، سان ئێکسپرێس ئامادەیە و ئێستا لەسەر یەک "بەڵێ"ی هەرێمی کوردستان وەستاوە بۆ ئەوەی گەشتەکانی دەستپێبکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ