رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهی تورکیا رایگەیاند، هەڕەشەی گەورە لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی، "پەیەدە و یەپەگەن". دەشڵێت: ''زۆربەی سەربازەکانمان لەودیوی سنوورەوە لەلایەن پەیەدە و یەپەگەوە شەهید دەکرێن''.
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، رۆژی یەکشەممە 5ـی کانوونی دووەمی 2025، بەشداریی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی کرد و لەبارەی چەند پرسێکەوە قسەی کرد.
ئەربەکان رایگەیاند، دژی بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلین لەبارەی ئۆجەلان و گوتی: ''ئەمە واتە؛ سەردەستەی تیرۆر بێت و یارمەتیمان بدات، ئێمە 40 ساڵ رووبەڕووی تیرۆر بووینەوە، سەرکەوتوو نەبووین، با ئۆجەلان بێت و لەو بەڵایە رزگارمان بکات''.
سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ پێیوایە، پەکەکە بە قسەی ئۆجەلان چەک دانانێت و دەڵێت: ''پەکەکە هەرخۆی ئێستا لە دۆخی چەکداناندایە و چەند سەد سەربازێکی هەیە، ئێستا ئاراستەکەیان بەرەو سووریا گۆڕیوە و لەوێ لەگەڵ پەیەدە و یەپەگە جموجۆڵ دەکەن''.
ئەربەکان راشیگەیاند، ''پەکەکە چەکیش دابنێت سوودی نییە. ئەوانەی هەڕەشەی گەورەن بۆ ئێمە، پەیەدە و یەپەگەن، چونکە بە گوتەی ئەو، زۆربەی سەربازەکانیان لەودیوی سنوورەوە لەلایەن پەیەدە و یەپەگەوە دەکوژرێن.
سەرۆکی پارتەکە باسی لەوە کرد، ئۆجەلان داوای چەکدانانیش لە پەکەکە بکات، بێ سوودە، ''چونکە پەیەدە و یەپەگە بە چەکی قورس رێکخراون، لە باکووری سووریا سوپایەکیان بۆ پێکهێنراوە، بەجۆرێک پڕچەککراون کە تەنیا تانک و فڕۆکەی جەنگییان نییە. ئەگەر بانگەوازێکی وەهاش بکرێت، هەڕەشە گەورەکەی پەیەدە و یەپەگە بەردەوام دەبێت، چونکە پەتی ئەوان لە دەستی ئەمریکا و ئیسرائیلدایە''.
ئەربەکان هەروەها رەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت بەوەی شەفاف نییە لە بابەتەکەدا و هەڵوێستێکی روونی نییە، گوتیشی پێویستە روونکردنەوە بۆ پارتە سیاسییەکان بدات.
رۆژی پێنجشەممە، دووی کانوونی دووەمی 2025، هەریەک لە پەروین بوڵدان، سری سورەییان ئۆندەر و ئەحمەد تورک، لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کۆبوونەوە و تاوەکو ئێستا روونکردنەوە لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبووەنەوەکە نەدراوە.
بڕیارە سبەی دووشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2025، شاندی دەم پارتی کە لە سری سورەیا ئۆندەر، پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورک پێکدێن، سەردانی فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانی تورکیا بکات. هەریەک لە فراکسیۆنەکانی ئاکپارتی، جەهەپە، دێڤا، ئایندە، سەعادەت، سەرلەنوێ رەفاهـ، پارتی کرێکار لە بەرنامەی سەردانی شاندەکەی دەم پارتی دایە.
دوای تەواوکردنی دیدار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بڕیارە شاندی دەم پارتی رۆژی 10ـی کانوونی دووەمی 2025، بۆ جاری دووەم سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکاتەوە.
پێش سەردانەکە، هەریەک لە سرری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئەدیرنە دەکەن و لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کۆدەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ