شاندی دەم پارتی لەگەڵ دەمیرتاش کۆدەبێتەوە

دوێنێ کاژێر 02:09
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاندی دەم پارتی درێژە بە دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سیاسەتمەداران و سەرۆک و بەرپرسانی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی تورکیا دەدات؛ بڕیارە لەو چوارچێوەیەدا سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش بکات.
 
شاندی دەم پارتی دوای ئەوەی رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2024 لە ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە، بڕیاری دا لەگەڵ پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکاندا کۆببێتەوە. هەر بەگوێرەی پلانەکە، دوای دیدار لەگەڵ پارتە سیاسییەکان، لەگەڵ رێکخراوەکاندا کۆدەبێتەوە.
 
رۆژی 2ی کانوونی دووەمی 2025 شاندی دەم پارتی لەگەڵ نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و دواتر لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کۆبووەوە.
 
بڕیارە سبەی دووشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2025، شاندی دەم پارتی کە لە سرری سورەییا ئۆندەر، پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورک پێکدێن، سەردانی فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانی تورکیا بکات. هەریەک لە فراکسیۆنەکانی ئاکپارتی، جەهەپە، دێڤا، ئاییندە، سەعادەت، سەرلەنوێ رەفاه، پارتی کرێکار لە بەرنامەی سەردانی شاندەکەی دەم پارتی دایە.
 
شاندەکەی دەم پارتی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 25 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە لەبارەی پرۆسەی ئاشتیی دەگەیێنن و بۆچوونی ئەوانیش وەردەگرن.
 
موساڤات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی رەتیکردەوە لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆببێتەوە. رایگەیاند، "لەگەڵ دووژمنانی کۆماری هیچ خاڵی هاوبەش و هیچ پرسێکمان نییە دانوستاندنی لەسەر بکەین. ئامادە نین رەوایی بە سەردەستەی تیرۆریستان بدەین، بۆئەوەی ئازاد بکرێت. ئیی پارتی ناچێتە ژێر باری بەرپرسیارێتییەک لە داهاتوودا لێخۆشبوون بۆ تیرۆریستان بەدیبکرێت."
 
دوای تەواوکردنی دیدار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بڕیارە شاندی دەم پارتی رۆژی 10ـی کانوونی دووەمی 2025 بۆ جاری دووەم سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکاتەوە.
 
بەڵام پێش سەردانەکە، هەریەک لە سرری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئەدیرنە دەکەن لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کۆدەبنەوە. 
 
رۆژی 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، شاندێکی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر پێکهاتبوو، لەسەر زاری ئۆجەلانەوە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە، تێیدا ئۆجەلان جەختی لە گرنگیی برایەتیی کورد و تورک کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، هەر شتێک بۆ پرۆسەی ئاشتی پێویست بێت، دەیکات.
 
رۆژی 31ـی کانوونی یەکەمی 2024، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، سەبارەت بە دیداری شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان گوتی: "بە شێوەیەکی گشتی، بەشێک لەو دیدارە کە لە میدیادا بڵاوکراوەتەوە، جگە لەوەی هیوای دیموکراسی، برایەتیی تورک و کوردی بەهێزکردووە، بووەتە دەستپێکێکی خێردار. ئیدی پێویستە بابەتەکە لە گوتەوە بۆ کردار بگۆڕدرێت و قۆناخ بە قۆناخیش پێشهاتەکان رابگەیێندرێن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا. وێنە: AA

وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، بەر لە ئاکپارتی سیاسەتڤانان نەیاندەتوانی بە کوردی بانگەشە بکەن

وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، بەر لە دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان، زمانی کوردی قەدەخە بوو، "سیاسەتڤانان لە هەڵبژاردنەکاندا نەیاندەتوانی بە زمانی دایکیش بانگەشە بکەن."