رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، "دوو لەسەر سێی شەهیدانی غەززە ژن و منداڵن. ژمارەی بێسەروشوێنبووان گەیشتووەتە شەش هەزار و 500 کەس." باس لەوەش دەکات، "غەززە خاکی فەلەستینە و تاهەتایە بە موڵکی فەلەستینییەکان دەمێنێتەوە."
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 4ی کانوونی یەکەمی 2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە 39یەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی هەمیشەیی ئابووری و بازرگانیی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، کە لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێش کرد.
لە گوتارەکەیدا ئەردۆغان باسی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کرد و گوتی، "دوو لەسەر سێی شەهیدانی غەززە ژن و منداڵن. ژمارەی بێسەروشوێنبووان گەیشتووەتە شەش هەزار و 500 کەس." رەخنەی لە بێدەنگیی هەندێک لە وڵاتان لە بەرامبەر هێرشەکان گرت و گوتی، "ئەوانەی بەرامبەر مەرگی خەڵکی بێتاوان بێدەنگن و تەنانەت بە بیانووی حەماس رەوایەتی بە هێرشەکان دەدەن، ئیدی یەک وشەیان بۆ مرۆڤایەتی پێنەماوە."
لەسەر بنەمای دەنگدان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "لە لایەکەوە 212 وڵات هەن کە دەڵێن (جەنگ بوەستێت و چیدی خوێن نەڕژێت) و لە لایەکی دیکەوە سێ چوار وڵات هەن گڵۆپی سەوزیان هەڵکردووە و پشتیوانیی پێدەدەن."
گوتیشی، "رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، کە ئامانج لە دامەزراندنی بەرگریکردنە لە دۆزی فەلەستین، زەمینەیەکی گرنگە بۆ ئەنجامدانی خەباتێکی یەکدەنگ و بەهێز."
سەرۆککۆماری تورکیا جەختیشی لەوە کردەوە، "غەززە خاکی فەلەستینە و تاهەتایە بە موڵکی فەلەستینییەکان دەمێنێتەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەردۆغان گوتی، "رێگە نادەین چاوپۆشی لە بوونی چەکی ئەتۆمیی ئیسرائیل بکرێت. ئیسرائیل چەکی ئەتۆمی هەیە یان نا؟ هەیەتی، بەڵام پرسیاریان لێبکەیت، دەڵێن نیمانە."
ئەردۆغان راشیگەیاند، "رێگەی ئاشتی لە ناوچەکەمان بە دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین تێدەپەڕێت. تورکیا لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئارامی، ئامادەیە هەموو جۆرە بەرپرسیارێتییەک وەربگرێت، بە ئەرکی گەرەنتیکاریشەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ