راوێژکارێکی ئەردۆغان لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان: بۆ هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکەیە

04-03-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلانەوە دەڵێت، "هەموو پێکهاتەکانی رێکخراوەکە لە تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا دەگرێتەوە."

محەممەد ئوچوم، راوێژکاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر، نەک بە تەنیا پێکهاتەیەکی پەکەکە، بەڵکو لەنێوبردنی تەواوی پێکهاتەکانی پەکەکەیە. بانگەوازەکەش (بانگەوازەکەی ئۆجەلان)، هەموو پێکهاتەکان دەگرێتەوە."
 
هەر پەیوەست بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان، راوێژکارەکەی ئەردۆغان دەڵێت، "زۆر روونە، مەبەستی لە تەواوی پێکهاتەکانی کەجەکەیە، واتە هەموو پێکهاتەکانی رێکخراوەکە لە تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا. ناکرێت بە جۆرێکی دیکە خوێندنەوەی بۆ بکرێت."
 
ئوچوم جەختی کردەوە، "ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت، پابەندبوونە بە بانگەوازەکە و بردنەسەری ئەو بەڵێنانەیە کە بۆ رادەستبوون، چەکدانان، کۆنگرەبەستن دراون."
 
شەوی دووشەممە 3ی ئاداری 2025 تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، "بانگەوازەکە راستەوخۆ بۆ پەکەکەیە. شتێک لە پەیامەکەدا نەنووسرابێت، ناتوانین بڵێین مەبەستی ئەمە و ئەوەیە."
 
شاندی ئیمراڵی، رۆژی 27ـی شوباتی 2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە. ئۆجەلان لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتی، "کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
 
کۆمیتەی رێڤەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرەبەیانی رۆژی شەممە 1ـی ئاداری 2025 رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن و جێبەجێیدەکەن و لە ئەمڕۆوە ئاگربەست رادەگەیێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە