محەممەد شيمشەک؛ لە هەژارییەوە بۆ چەقی ئابووریی تورکیا

04-06-2023
ماشەڵڵا دەکاک
ماشەڵڵا دەکاک
لێدوانێکی محەممەد شيمشەک بۆ رووداو
لێدوانێکی محەممەد شيمشەک بۆ رووداو
نیشانەکردن تورکیا محەممەد شیمشەک
A+ A-

رووداو - ئێلەهـ 

محەممەد شيمشەک رۆژی شەممە لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە بە وەزیری دارایی وڵاتەکەی دەستنیشانکرا
 
شيمشەک بە رەچەڵەک کوردە. بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2009 تا 2015 کاتێک کە وەزیری دارایی بوو، تورکیا جۆرێک لە خۆشگوزەرانیی بەخۆیەوەبینی، لە نێو رای گشتیی تورکیا و باکووری کوردستان پەسنی تواناکانی دەکرێت و پێش هەڵبژاردنەکەی 14ی ئایاریش، بە بەربژێرێکی چاوەڕوانکراو بۆ ئەو پۆستە دادەنرا بۆ ئەوەی ببێتە فریادڕەسی ئابووریی ئەو وڵاتە کە رووبەڕووی هەڵاوسانی بەرز و دابەزینی بەهای لیرە دەبێتەوە. 
 
ماشەڵا دەکاک، پەیامنێری رووداو چووەتە گوندی کەفرێی سەر بە ناوچەی کەرجەوسێی پارێزگەی ئێلەهی باکووری کوردستانە، بۆ ئەوەی لە شوێنی لەدایکبوونی شیمشەکەوە، لە زاری برا، هاوپۆل و هاوڕێکانی، چیرۆکی سەرکەوتنی وەزیرە کوردەکە بگێڕێتەوە. 
 
محەممەد شیمشەک لە 1ی کانوونی دووەمی 1967 لەدایکبووە، لە خانوویێکی کەفرێ کە هێشتاش لەسەر پایەکانی ماوەتەوە. 
وەزیری دارایی پێنج ساڵی داهاتووی تورکیا بچووکترینی هەشت خوشک و برایە. هێشتا محەممەد شيمشەک تەمەنی 4 ساڵ بووە کە مەهدیەی دایکی کۆچی دواییکردووە. بۆیە ئەحمەدی برای سەرپەرشتیی کردووە و خستوویەتیە بەر خوێندن.  
 
ئەحمەد شیمشەک، برای وەزیرە کوردەکە لە بەردەم خانووە کۆنەکەیان بە پەیامنێری رووداوی گوت: "هێشتا منداڵێکی بچووک بوو دایکم کۆچی دوایی کرد. ئەو و باوکم لەم خانووەدا بوون. منداڵیکی تەمەن چوار، پێنج ساڵ بوو. منیش تازە ببوومە مامۆستا. ئەو گوندەی من کاری مامۆستایەتیم لێی دەکرد، سەر بە قوبین بوو. گوندی مەمکان بوو. محەممەد پۆلی یەکەم، دووەم و سێیەمی لەوێ خوێند. کە گەیشتە پۆلی چوارەم، هاتینە باتمان (ئێلەهـ)."
 
بەگوێرەی ئەحمەدی برای، ئەوان زۆر هەژار بوون. بەڵام وێڕای ئەوە، هەموو براکانی خوێندوویانە. هەر بەهۆی هەژارییەوە، محەممەد شيمشەک ناچاربووە لە قوبین، کەرجەوس و ئێلەهـ بخوێنێت و بەپێی دۆخی دارایی خێزانەکەی، قوتابخانەی خۆی گۆڕیوە.  
 
ئەحمەد دەڵێت: "ئەو رۆیشتە لای برا گەورەکەم. پۆلی چوارەم و پێنجەمی لای ئەو خوێند. دواتر جارێکی دیکە گەڕایەوە لای خۆم و قوتابخانەی ناوەندیی لە لای من خوێند. پۆلی یەکەم، دووەم و سێیەمی ناوەندی خوێند. دواتر لە قوتابخانەی ئیمام خەتیب خوێندی. دواتر دڵی خۆش بوو و گوتی دەڕۆم لە کەرجەوس کاردەکەم چونکە لە ماڵی ئێمە نزیکە بۆ ئەوەی بتوانم جاروبار یارمەتیی باوکم بدەم. ئەوکاتە مانگای هەبوو، گاوانیی دەکرد. مەڕ و بزن نەمابوون، تەنیا مانگا. دەڕۆیشتە شاخ. کاتێک دەڕۆیشتە شاخ، لەسەر بەرد شتی دەنووسی. هەر چۆنێک بێت خوێندی." 
 
فایەق دۆمگوش لە قوتابخانە هاوڕێی محەممەد شيمشەک بووە. فایەق دوای تەواوکردنی خوێندن، دەبێتە دووکاندار، بەڵام محەممەد شيمشەک خوێندنەکەی تەواودەکات. هاوڕێکەی دەڵێت، بۆ ئەوەی محەممەد شيمشەک بخوێنێت، لە گوندەوە رێگەی چەندین کیلۆمەتری بڕیوە تا گەیشتووەتە قوتابخانە. 
 
فایەق لە بارەی هاوڕێکەیەوە دەڵێت: "ئەو قوتابیێکی چاک بوو، ژیر بوو. ئێمە بە پێ دەڕۆیشتینە قوتابخانە. نزیکەی 8 کیلۆمەترمان بە پێ دەبڕی و دەڕۆیشتینە قوتابخانە. ئەویش بە هەمان شێوە. هەموومان هەژار بووین. تاوەکو ئامادەییشمان تەواوکرد، پێڵاوی قیری رەشمان لە پێ دەکرد."
 
هاوڕێیانی منداڵیی محەممەد شیمشەک شانازی بە سەرکەوتنەکەیەوە دەکەن. چونکە ئەو کەسەی کە لەگەڵ ئەوان شوانی و گاوانیی کردووە، ئێستا بووەتە کەسێکی ناوداری جیهان. 
 
یەکێک لەوانە محەممەد شەریف ئەکینجییە کە خەڵکی هەمان گوندی شیمشەکە، لە بەردەم قوتابخانەکەی باس لەوە دەکات: "محەممەد شيمشەک پۆلی یەکەم و دووەمی لەم قوتابخانەیە خوێند. دواتر ئەوەی دیکەی هەمووی لە دەرەوە خوێند؛ لە کەرجەوس و لە باتمان خوێندی. دواتر کە گەورەتر بوو، رۆیشت لە ئەنقەرە خوێندی. ئەو جوامێرە خوێندنەکەی تەواوکرد."
 
دوای ئەوەی محەممەد شيمشەک بە زەحمەتیی قوتابخانەی ئامادەیی تەواودەکات، سەرەتا لە بەشی ئابووریی زانکۆی گازی لە ئەنقەرە دەست بە خوێندن دەکات. دواتر ئەو بەشەی بە دڵ نابێت و دەچێتە بەشی زانستە سیاسییەکان. لەوێشەوە لە ئەتیبانک زەمالەیەکی خوێندن وەردەگرێت و دەچێتە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بۆ بەدەستهێنانی ماستەر لەبواری ئابووری و داراییدا. 
 
دوای خوێندنی لە بەریتانیا، هەنگاو بە هەنگاو ئەزموونی ئابووریی نێودەوڵەتیی شيمشەک دەستپێدەکات. لە ساڵی 2007، کاتێک لە بانکێکی نێودەوڵەتی کاری دەکرد، کوڕی عەبدوڵڵا گولی سەرۆککۆماری ئەو کات، وەکو یاریدەدەر کاری بۆ دەکرد. ئەو لای باوکی پەسنی شیمشەک دەکات. بەو شێوەیە رێگەی بەرەو سیاسەت لەبەردەم شيمشەکدا دەکرێتەوە. ئەوکاتەی دەبێتە وەزیری دارایی، یەک دۆلار لیرەیەک و 65 قروش بوو. تا ئەو کاتەی لە ساڵی 2015 دەستبەرداری ئەو پۆستەش بوو، یەک دۆلار، دوو لیرە و 91 قروش بوو. ئێستا دۆلارێک نزیکەی 21 لیرەیە. 
 
ئەحمەد شیـمشەک بەسەرهاتی براکەی بەم جۆرە دەگێڕێتەوە "ئەو کاتە عەبدوڵڵا گول، سەرۆککۆمار بوو. کوڕی عەبدوڵڵا گول لای ئەو کاری دەکرد، ناوی ئەحمەد گول بوو. بە باوکی خۆی گوتبوو، کەسێکی تورکمان لایە زۆر زیرەک، زانا، ژیر، لێهاتووە و خەمخۆری کاری خۆیەتی. عەلی باباجان دەڕوات و دەیبینێت و دواتریش سەرۆک دەڕوات و قسەی لەگەڵدا دەکات. سەرۆک تەیب چاوپێکەوتنی لەگەڵدا دەکات و چارەنووسی وابوو ببێتە وەزیر. وەسیەتی باوکی خۆی بەدیهێنا و لەنێو حکومەت دەستی بەکارکردن کرد."
 
بنەماڵەی محەممەد شيمشەک بە نەوەی تاجدینی کەفرێ ناویان دەرکردووە. ئەوان لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندی پۆرێی سەر بە بەدلیسن. بەڵام چوونەتە نسێبین و لەوێشەوە بۆ کەرجەوس. ماڵباتەکەیان لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیادا، پەرش و بڵاوبووە. 
 
دوو مامی محەممەد شيمشەک چوونەتە ئەو دیوی سنوور و لە قامشلۆی رۆژئاڤا جێگیربوون. هێشتا پەیوەندیی ئامۆزایەتیی لەنێویاندا بەردەوامە. ماڵباتی شيمشەک کوردن و زمانی کوردی لەنێو ماڵیاندا بەردەوام قسەی پێ کراوە. 
 
محەممەد شیمشەک "چوار ساڵ بە کورمانجی قسەی دەکرد. دوای ئەو چوار ساڵە، بە تورکی قسەی کرد. تاوەکو بووە وەزیر بە کورمانجی و بە تورکیش قسەی نەکرد. چووە دەرەوە و بە ئینگیلزی قسەیکرد. بەڵام بەم دواییانە بەرە بەرە خۆی فێرکردەوە،" ئەمە وەک براگەورەی باسیکرد. دەشڵێت: "ئێمە بە کورمانجی و بە تورکیش قسە دەکەین." 
 
محەممەد شەریفیش لە بارەی هاوڕێ وەزیرەکەیەوە دەڵێت: "کاتێک بەیەک دەگەین، بە کورمانجی قسە دەکەین. کورمانجی زۆر بەباشی دەزانێت. کورمانجیێکی زۆر پاراوی هەیە. ئێمە بە کورمانجی دەنگوباسی یەکدی دەپرسین."
 
دوای ئەوەی محەممەد شيمشەک دەبێتە وەزیر، خزمەتێکی باشی گوندی کەفرێ دەکات. رێگەوبانی بۆ دروستدەکات و مزگەوت و کەنیسەی گوندەکەش نۆژەندەکاتەوە. کورد و سریان، واتە موسڵمان و کرستیان، لە نێو گوندەکەدا لەگەڵ یەکدی دەژین. 
 
دانیێل، قەشەی کەنیسەی گوندەکە ئاماژە بەوە دەکات: "ئەو نەک تەنیا بۆ سریانەکان، بەڵکو بۆ هەموو خەڵک باشە. مرۆڤێکی زۆر هاوکار بوو. زۆر یارمەتیی ئێمەی دا. ئێمە سوپاسی دەکەین و نزای بۆ دەکەین." 
 
ئیبراهیم تۆرلاک، کە رۆژنامەڤانێکی ناوچەکەیە پێوایە، محەممەد شيمشەک "خزمەتی زۆر باشی" کردووە. دەشڵێت "لە ئابووریی ناو شارەوە بگرە تا دەگاتە خەڵکەکەی، هێندەی دەرفەتی هەبوو، خزمەتیکردن. قوتابخانەی دروستکرد، رێگەوبانی دروستکردن، کامپی دروستکردن، مزگەوت و کەنیسەشی نۆژەنکردنەوە."
 
عەبدولکەریم توران، موختاری گوندی کەفرێیە باس لەوە دەکات، محەممەد شيمشەک "لە کەرجەوسەوە تا کەربۆران رێگەی دروستکرد. خزمەتێکی زۆر باشی کرد."
 
لەبەرئەوەی محەممەد شيمشەک بە ئەزموونی خۆی ناوی دەرکرد، بە دیاریکراویش لە ئێلەهـ و چەند شارێکی دیکە، چەندین قوتابخانە بە ناویەوە کراون. لەنێو خوێندکارانیشدا وەکو نموونەیەک سەیری دەکرێت. 
 
لەو بارەیەوە ئیبراهیم تۆرلاک دەڵێت "لە کەرجەوس، لە گوندەکانی دەوروبەری، مامۆستا بە قوتابیەکانییان دەڵێن کەسێکی وەک محەممەد شيمشەک لێرە هەڵکەوتووە و لە ئەوروپا و جیهان دەنگی داوەتەوە. بووەتە وەزیری دارایی. ئێوەش بخوێنن بۆ ئەوەی وەک ئەو بن. بۆ قوتابییان بووەتە نموونەیەک."
 
پێش و دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تورکیا، محەممەد شيمشەک وەک بەربژیری سەرەکی بۆ وەزارەتی گەنجینە و دارایی باسی دەکرا. چونکە ئەو کاتەی پۆستەکە لە دەستی ئەودا بوو، هەڵاوسان لە تورکیا 6.1٪ بوو، بەڵام ئێستا بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، رێژەکە گەیشتووەتە 73٪. بۆیە زۆر لە هاووڵاتییانی تورکیا و هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان، محەممەد شيمشەک بە "سوپەرمانی ئابووری" دەبینن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە