رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، ناهێڵن بەربەست بۆ پرۆسە "بێناوەکەی" تورکیا دروست ببێت. دەشڵێت، بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر.
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رۆژی دووشەممە، 3ی ئاداری 2025، لە پەرلەمانی وڵاتەکەی لە ئەنقەرە، لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان رایگەیاند، هەرگیز رێگە نادەن بەربەست بخرێتە بەردەم پرۆسەکە.
گولەر گوتی: ''بە پرۆسەیەکی زۆر گرنگدا تێدەپەڕین. ئەگەر قۆناخەکە گەیشتبێتە ئەو ئاستەی ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن و کۆتایی بەوانە بهێندرێت کە بە بیانووی جیاوازەوە تیرۆریان لە بەرژەوەندیی خۆیان بەکارهێناوە، ئەمە لە سایەی باجێکی قورسەوە بووە''.
وەزیری بەرگریی تورکیا گوتیشی، ئەو ''باجە قورسە'' لەلایەن سەربازانی وڵاتەکەی دراوە کە لە شەڕی پەکەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
سەبارەت بە زیانەکانی تورکیا لە شەڕیان لەگەڵ پەکەکە، نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی هەینی 21ی شوباتی 2025 رایگەیاند، شەڕەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 40 هەزار کەس، لانیکەم دوو تریلیۆن دۆلاریش زیانی مادیی هەبووە.
شاندی ئیمراڵی، رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە.
ئۆجەلان لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتی، "کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
کۆمیتەی رێڤەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 1ی ئاداری 2025، رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن و جێبەجێی دەکەن و "لە ئەمڕۆوە ئاگربەست رادەگەیێنن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ