خوێندنی زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان "بە کردەیی" راگیراوە

03-01-2024
هەوار ئیسماعیل
نیشانەکردن زمانی کوردی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە تورکیا و پارێزگاکانی باکووری کوردستان ناوتۆمارکردن بۆ دەستنیشانکردنی وانەی بژاردە بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 دەستیپێکردووە. 
 
ناونووسین بۆ وانەی بژاردە لە پۆلەکانی 5-6-7 و 8 ـی سەرجەم قوتابخانەکانی سەربە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لە رۆژی سێشەممە دووی کانوونی دووەمی 2024 دەستیپێکردووە و تاوەکو رۆژی هەینی، 19ـی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت. 
 
لەو وادەیەدا قوتابییان دەتوانن رۆژانە لە کاژێر 08:30 خولەک تاوەکو 17:30 خولەک ناوی خۆیان تۆمار بکەن و وانەی بژاردە هەڵبژێرین. 
 
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، تورکی تاکە زمانی فەرمیی خوێندنە. لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت، بەڵام بە هۆکاری جیاواز پرۆسەکە بەفەرمیش نەبێت، بە کردەیی راگیراوە.
 
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا ساڵانە وادەیەک دیاریدەکات بۆ دایبابی قوتابیان بۆ ئەوەی بە ویستی خۆیان وانەی بژاردە هەڵبژێرن. زمانی کوردیش بە هەردوو شێوەزاری کورمانجی و زازاکی لە وانە بژاردەکاندان. 
 
لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا وەزارەتی پەروەردەی تورکیا تەنیا یەکجار داتاکانی خواستی لەسەر وانەی زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە. 
 
بەگوێرەی ئەو داتایانە لە ساڵی خوێندنی 2015-2016، کۆی گشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان 77 هەزار و 931 قوتابی وانەی زمانی کوردیان هەڵبژاردووە، لەوانە 71 هەزار و 616 قوتابی وانەی کورمانجی و 6 هەزار و 315 قوتابیش وانەی زازاکییان هەڵبژاردبوو.
 
لە باکووری کوردستان و تورکیا لە پۆلەکانی 5-6-7 و 8 وانەی کوردی بەشێوەی بژاردە هەیە، بەڵام کۆسپەکان هێندە زۆرن، قوتابیانیان لە هەڵبژاردنی وانەی کوردی ساردکردووەتەوە. بەهۆی نەبوونی مامۆستا، وانەی کوردی لە زۆربەی قوتابخانەکاندا ناخوێندرێت.
 
لەکاتێکدا سەتان مامۆستای کوردی چاوەڕێی دامەزراندنن، کارگێڕانی قوتابخانەکان بە پاساوی نەبوونی مامۆستای کوردی رێگری لە خوێندنی کوردی دەکەن.
 
نەک تەنیا لە قوتابخانەکان، بەڵکو لە زانکۆکانیش، خوێندکارانی کوردی کێشەیان بۆ دروست دەکرێت. دامەزراوەی پەروەردەی مووش بە پاساوی ئەوەی تەنانەت یەک مامۆستای کوردیش لەو پارێزگایەدا نییە، رێگری لە مافی راهێنانی خوێندکارانی قۆناخی چوارەمی بەشی کوردی زانکۆی ئاڵپئارسلانی مووش دەکات و، رێگە نادات خوێندکاران راهێنانەکانیان تەواوبکەن.
 
لە باکووری کوردستان لە زانکۆکانی وان، مێردین. مووش، چەولیگ و دێرسیم، زمانی کوردی دەخوێندرێت. تائێستا زیاتر لە دوو هەزار خوێندکار بەشی کوردییان تەواوکردووە، بەڵام کەمتر لە 100 مامۆستا دامەزراون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە