تورکیا

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران. وێنە: ئەرشیڤ/ ANKA
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی سەردانی تورکیا دەکات. لەگەڵ ئەردۆغان تاوتوێی پرسی پەکەکە و پژاک دەکەن و بۆ گەشتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەروازەیەکی نوێ لە وان دەکەنەوە.
رۆژی پێنجشەممە 4ی کانوونی دووەمی 2024 ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمی، لە چوارچێوەی هەشتەمین لووتکەی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای هاوئاهەنگیی تورکیا - ئێران سەردانی ئەنقەرە دەکات. کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکات و دواتر پێکەوە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی شاندە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکەن. ئەمە یەکەم سەردانی ئیبراهیم رەئیسی دەبێت بۆ تورکیا.
وەزیرانی دەرەوە، رێگەوبان و شارسازی، بازرگانی، نەوت، کارەبا و وزە، ناوخۆ و بەرگری لەگەڵ ژمارەیەک راوێژکار و راگەیاندنکارانی ئێران، یاوەریی ئیبراهیم رەئیسی دەکەن.
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، لە هەشتەمین لووتکەی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای هاوئاهەنگیی تورکیا - ئێران، رۆژەڤەکانی غەززە، عێراق، سووریا، باشووری قەوقاز، ئەفغانستان، کۆچ، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دوایین پێشهاتە هەرێمییەکان لەنێوان رەئیسی و ئەردۆغان، دەخرێنە بەرباس و لێکۆڵینەوە.
هەروەها، لە کۆبوونەوەی دووقۆڵیی رەئیسی - ئەردۆغان، بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پرسێکی گەرم دەبێت، بەوپێیەی میکانیزمی نوێی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی پەکەکە - پژاک کاراتر دەکرێتەوە، بەتایبەتی هەردوو وڵات 560 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە.
هاوکات، شاندی باڵای تاران - ئەنقەرە، واژۆ لەسەر 10 رێککەوتننامەی هاوبەش لە بوارەکانی کولتوور، زانست، راگەیاندن، ناوخۆ، گواستنەوە و گەیاندن، بازرگانی و ئابووری دەکرێت.
هەر بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، بڕیارە لە کۆبوونەوەی شاندی هاوبەشدا بڕیار لەسەر کردنەوەی دوو دەروازەی نوێ بدرێت و ژمارەی دەروازە و خاڵە گومرگییەکان بۆ پێنج دەروازە زیاد دەکرێن.
دەروازەی گومرگیی گوربوڵاک لە پارێزگای ئاگری، ئەسەندەرە لە پارێزگای جۆلەمێرگ، دیلئوجو لە پارێزگای ئیدر لە باکووری کوردستان هەیە. جگە لەمەش دەروازەی وان هەیە کە گەشتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لێیەوە سەردانی وان و پارێزگاکانی دیکەی باکووری کوردستان دەکەن. ئەگەر ئێران رەزامەندی بدات، دەروازەیەکی دیکەش لەنێوان وان و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتەوە. ئەم پێشنیازەی تورکیا لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو 2.3 ملیۆن گەشتیار لە ئێرانەوە سەردانی تورکیایان کردبوو. لە بەرامبەردا 357 هەزار گەشتیار لە تورکیاوە سەردانی ئێرانیان کردبوو.
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئێران پرسێکی دیکەی دیداری رەئیسی - ئەردۆغان دەبێت. ساڵی 2012 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئێران باشترین ئاستی تۆمارکرد، بەوپێیەی لە 2012دا گەیشتە 22 ملیار دۆلار. بەڵام ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێندراوە لەگەڵ چەندین قەیران و کێشەی دیکە، هۆکار بوو بۆ داکشانی بەردەوامی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکە تا ساڵی رابردووش، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان گەیشتە 6 ملیار دۆلار. ئامانجی هەردوو وڵات گەیاندنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بۆ 30 ملیار دۆلارە.
پێشتر ئێران هاوردەکردنی 68 بەرهەمی تورکیای قەدەخە کردبوو، لە رێککەوتننامەی نوێی تاران-ئەنقەرە، کە بڕیارە سبەی واژۆی لەسەر بکرێت رەنگە قەدەخەی سەر ئەم 68 بەرهەمەی تورکیا هەڵبگرێت. رەنگە تورکیاش لەمبارەیەوە ئاسانکاری بۆ هەندێک لە بەرهەمە ئێرانییەکان بکات.
لە پرسی وزەش، تورکیا داوا لە ئێران دەکات، کرێی گواستنەوەی بۆڕی گازی سروشتی وڵاتانی ئاسیا بۆ تورکیا کە لە خاکی ئێرانەوە تێدەپەڕێت، کەمبکاتەوە و بیگەیێنێتە سەر نرخ و ستاندەردە نێودەوڵەتییەکان، کە دواجار لە نیسانی 2023 کێشە لەنێوانیاندا روویدا.
لە 2014ـەوە، لووتکەی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای هاوئاهەنگی لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی کۆمار ئەنجام دەدرێت.
رۆژی 18ـی تەممووزی 2022، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئیبراهیم رەئیسی، سەردانی تاران کرد. هەروەها دوایینجار حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران، سەردانی تورکیای کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ