ئیبراهیم رەئیسی دەچێتە ئەنقەرە و لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوە

03-01-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەسەر بانگهێشتی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی پێنجشەممە سەردانی ئەنقەرە دەکات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 03-01-2024 میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، بڕیارە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای سیاسی - ئابووری رۆژی پێنجشەممە 04-01-2024 سەردانی تورکیا بکات.
 
بەپێی میدیای ئێران، سەردانەکەی رەئیسی بۆ ئەنقەرە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیایە و دوای کۆبوونەی لەگەڵ ئەردۆغان، بە سەرپەرشتیی دوو سەرۆکەکە هەشتەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هاوکارییەکانی ئێران و تورکیا بەڕێوەدەچێت.
 
بڕیارە دواتر رەئیسی و ئەردۆغان کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش ساز بکەن و ئەنجامی گفتوگۆکانیان ئاشکرا بکەن. هەروەها بڕیارە سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی هاوبەشی بازرگانانی دوو وڵات ئامادە ببێت و لەگەڵ رەوەندی ئێرانی لە تورکیا کۆببێتەوە.
 
بەپێی میدیای تورکیا، رۆژەڤی سەرەکیی کۆبوونەکان، کردنەوەی دوو دەروازەی نوێی سنووری لەنێوان هەردوو وڵات، زیادکردنی قەبارەی بازرگانیی هاوبەش، ئاسانکاری بۆ کەرتی گەشتیاری، دوایین پێشهاتەکانی سووریا و غەززە و هەروەها بابەتی پەکەکە و پژاک و ئاسایشی سنوورەکان، ئەو مژارانەن کە سەرۆککۆمارەکانی تورکیا و ئێران بڕیارە گفتوگۆیان لەبارەوە بکەن.
 
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 04-01-2024، هەشتەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هاوکارییەکانی ئێران و تورکیا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەبچێت، کە ماوەیەک بوو لەبەر هۆکاری جیاواز دوادەخرا.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە میدیای تورکیا لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە ئاشکرای کردوون، لە کۆبوونەوەی نێوان ئەردۆغان و رەئیسیدا، دوایین پێشهاتەکانی شەڕی غەززە، بارودۆخی عێراق، سووریا و باشووری قەوقاز و هەروەها دۆخی ئەفغانستان تاوتۆی دەکرێن.
 
میدیای تورکیا هەروەها باسی ئەوە دەکات کە بڕیارە لەم سەردانەدا، تورکیا و ئێران 10 رێککەوتنی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا واژۆ بکەن.
 
ئێران و تورکیا پلانیان هەیە قەبارەی بازرگانیی نێوانیان بۆ 30 ملیار دۆلار بەرز بکەنەوە.
 
لە ساڵی 2014وە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هاوکارییەکانی ئێران و تورکیا بەڕێوەدەچێت. دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە لە 18-07-2022 بە بەشداری رەجەب تەییب ئەردۆغان لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەچوو. بڕیار بوو لە ساڵی 2023دا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی تورکیا بکات و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا بەشدار بێت، بەڵام دوای چەند جار دواخستنی، دواجار سەردانەکە نەکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا. وێنە: AA

هاکان فیدان: هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سووریا لە لاوازیمانەوە نییە

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سووریا لە لاوازی یان ناچاری نییە، بەڵکو دۆخی ناوچەکە وا دەخوازێت ئەو هەنگاوە بنێن. ئاماژە بەوەش دەکات، رووسیا و ئێرانیش رۆڵی ئەرێنی دەگێڕن