رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای دەنیزلی لە تورکیا، حەوت کەس بە دەستڕێژی گولـلە بریندار بوون.
رووداوەکە لە کافتریای نەخۆشخانەی فێرکاری کۆلێژی پزیشکیی پاموکالە لە پارێزگای دەنیزلی روویدا. دوو کەس بە دەمانچەوە چوونە نێو نەخۆشخانەکە و دەستڕێژی گولـلـەیان کرد و لە ئەنجامدا حەوت کەس بریندار بوون. دواتریش تەقەکەرەکان هەڵاتن.
سەرجەم بریندارەکان لە هەمان نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن و دۆخی تەندروستی دووانیان ناجێگیرە و لە بەشی چاودێڕیی چڕدان.
کارگێڕیی پارێزگای دەنیزلی لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، هۆکاری هێرشە چەکدارییەکە نەزانراوە؛ پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.
کارگێڕیی پارێزگای دەنیزلی ئاماژەی بەوەشکردووە، رووخساری تەقەکەرەکان لە کامێرای نەخۆشخانەکەدا دەرکەوتووە و پۆلیس هەوڵەکانی بۆ دەستگیرکردنیان چڕکردووەتەوە.
دەزگای ئوموت تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی و کەمکردنەوەی خاوەندارێتی چەک دەڵێت، لە شەش مانگی یەکەمی 2023دا، 1938 تاوان بە چەک کراون و 200 کەس بە دەمانچە و 20 کەس بە تفەنگ کوژراون.
بەگوێرەی دەزگای ئوموت، "لە سەرانسەری تورکیادا 4 ملیۆن چەکی مۆڵەتدراو هەن. لە بەرامبەردا نۆ هێندە چەکی بێ مۆڵەت هەن و مەزەندە دەکرێت ژمارەیان 36 ملیۆن چەک بێت".
بەگوێرەی راپۆرتی ئەو دەزگایە، لە باکووری کوردستان و تورکیادا رۆژانە 10 کەس دەکوژرێن و 20ی دیکەش بریندار دەبن. ساڵانەش بەهۆی بەکارهێنانی چەکەوە 5 هەزار کەس گیان لەدەستدەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ