دەم پارتی: پەکەکە وەڵامێکی مێژوویی بانگەوازی ئۆجەلانی دایەوە

01-03-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی دەڵێت، راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن پەکەکەوە بە گرنگ دەزانن و ئاماژە بەوە دەکات، "پەکەکە وەڵامێکی مێژوویی بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجەلانی دایەوە."
 
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ئەمڕۆ شەممە 1ی ئاداری 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لەبارەی راگەیێندراوەکەی پەکەکە گوتی، "ئێمە بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجەلان بە بانگەوازی سەدە دەبینین. ئەمڕۆ پەکەکە وەڵامێکی مێژوویی ئەم بانگەوازەی دایەوە."
 
لەبارەی هەنگاونانی حکومەتی تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری، کۆچیغیت گوتی، "چاوەڕێی زۆر هەنگاوین. چەندین هەنگاوی مێژوویی دەنرێن، بەڵام ناکرێت ئەوانە بێ بەرامبەر بن، چونکە لەنێو پەیامەکەی ئۆجەلاندا، جگە لە دانانی چەک و خۆهەڵوەشاندنەوە، شتی دیکەش هەن. بۆ نموونە، بەدیموکراسیبوونی وڵات، پێکهێنانی سیستمێکی دیموکراسی کە هەموو گەل، پێکهاتە و بیروەباوەڕە جیاوازەکان لەخۆبگرێت."
 
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لەو بارەیەوە گوتی، "ئایا لە رێگەی درێژەدان بە سیاسەتی قەییوم، ئاشتی بەرقەرار دەبێت؟ بێگومان نەخێر." گوتیشی، دەبێت حکومەتی تورکیا لە چوارچێوەی یاسادا هەنگاو بۆ کۆتاییهێنان بە دانانی قەییوم بێنێت.
 
کۆچیغیت باسی لەوەش کرد، "بابەتێکی دیکە هەیە. ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییانی نەخۆش لە گرتووخانەن، بەشێک لەمانە لەسەر رۆخی مردندان. بۆیە وەک یەکەمین هەنگاو، پێویستە ئەمانە بەشێوەیەکی خێرا لە گرتووخانە دەربچن."
 
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی گوتیشی، بۆئەوەی ئۆجەلان بە باشی پرۆسەکە بەڕێوەببات، کۆنگرە ببەستێت و پەکەکە هەڵبوەشێتەوە، دەبێت زەوینەیەکی بۆ بڕەخسێت کە تێیدا بتوانێت، "لەگەڵ رێکخراوەکەیدا لە پەیوەندیدا بێت، لەگەڵ رای گشتی، میدیاکان. جگە لە پارتەکەی ئێمە، لەگەڵ نوێنەرانی پارتەکانی دیکەش قسە بکات."
 
شاندی دەم پارتیی ئیمراڵی، رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە. ئۆجەلان لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتی، "کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، کۆمیتەی رێڤەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 1ی ئاداری 2025 رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن و جێبەجێیدەکەن، هەروەها گوتیشی، "لە ئەمڕۆوە ئاگربەست رادەگەیێنین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە