یەکێتیی ئەورووپا ئامادەیە کار لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا بکات

31-03-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یەکێتیی ئەورووپا پێشوازی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی سووریا دەکات و رایدەگەیێنێت، ئامادەن کاریان لەگەڵ بکەن، بەڵام دەشڵێت، چاودێریی حکومەتی نوێ دەکەن، "تاوەکو پابەندی بەڵێنەکانی بێت و خواستی تەواوی سووریاییەکان بێتەدی."
 
رۆژی دووشەممە، 31ی ئاداری 2025، یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی سووریا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پێشوازی لە پێکهێنانی ئەو حکومەتە نوێیەی دیمەشق دەکات و رایدەگەیێنێت "بە گەرمی پێشوازی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی قۆناخی راگوزەر لە سووریا دەکەین. یەکێتیی ئەورووپا ئامادەیە بۆ ئەوەی هاوکار بێت لەگەڵ حکومەتی نوێ، تاوەکو یارمەتی بدات لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە گەورەکانی بەردەمی."
 
هەروەها یەکێتی ئەورووپا لەو بەیاننامەیدا دەڵێت، "دەبێت خواستی هەموو خەڵکی سووریا بێنەدی، وەکو ئەوەی لە کۆنفرانسی نۆیەمی برۆکسل تایبەت بە سووریا جەختی لەسەر کرایەوە. یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ گەلی سووریا دەمێنێتەوە، لە هەمان کاتیشدا هەوڵدەدات دڵنیا بێت لەوەی پابەندییەکانی حکومەتی نوێ بە ئاراستەی پرۆسەیەکی ئاشتییانە و بنکەفراوان دەڕوات." 
 
یەکێتیی ئەورووپا دووپاتی دەکاتەوە لە پشتگیرییە بەردەوامەکانی بۆ پرۆسەی راگوزەری سیاسی لە سووریا، کە بە سەرکردایەتیی سووریاییەکان بێت و "پێویستیشە پرۆسەکە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا بگرێتەوە."
 
لە درێژەی راگەیێندراوەکەی یەکێتیی ئەورووپادا هاتووە، "زۆر گرنگە کە هەموو لایەنە دەرەکییەکان بە تەواوی رێز لە یەکگرتوویی، سەروەریی خاکی سووریا بگرن. یەکێتیی ئەورووپا سەرکۆنەی هەر هەوڵێکیش دەکات بۆ تێکدانی سەقامگیری و رێڕەوی راگوزەری سیاسیی ئاشتییانە و بنکەفراوانە لە سووریا." 
 
رۆژی شەممە 29ی ئادار، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا، کابینەیەکی 23 وەزیری بەبێ سەرۆکوەزیران راگەیاند. ئەمەش دوای زیاتر لە سێ مانگ لە رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، بەڵام دوا بەدوای راگەیاندنی ئەو حکومەتە نوێیە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ناڕەزایی لە بەرامبەر ئەو حکومەتە نوێیە راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، "بڕیارەکانی جێبەجێ ناکەن، چونکە زۆر لە حکومەتەکانی پێشوو دەچێت." 
 
هەروەها نەشئەت زازا سەرۆکی ئەنجوومەنەکانی خۆجێیی ئەنەکەسەیە لە دوای راگەیاندنی حکومەتی نوێ لە دیمەشق بە رووداوی رایگەیاند، "ئێمە، نابینە بەشێک لە حکومەتێک کە مافەکانی گەلەکەمان بە فەرمی ناناسێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەکدارێکی سوپای نوێی سووریا لە رۆژئاوای وڵاتەکە.

ئەمنستى: چەکداری بیانی لە کوشتنی عەلەوییەکانی سووریا بەشداربوون

رێکخراوى لێبووردنى نێودەوڵەتى (ئەمنستیى ئینتەرناشناڵ) رایگەیاند؛ بەشێک لەو عەلەویانەى لە رووداوەکانى سووریا کوژراون، رێگە بە کەسوکاریان نەدراوە بە ئاشکرا و بە رێکارە ئاینییەکان تەرمەکانیان بنێژێت، بەڵکو بەکۆمەڵ نێژراون، هەروەها دەڵێت بەشێک لەو چەکدارانەی بەشداریان لە کوشتنی عەلەوییەکاندا کردووە، بیانین.