هێشتا ماویەتی؛ ئەسەد لە ناوەوە رووخا

30-12-2024
هێڤیدار ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پێشتر بیستبووم شام شارێکی خۆشە؛ بە سەرسامی سەیرم کرد، بەناو ئەو شارەدا گەڕام، سەرباری ئەوەی بەهۆی شەڕەوە بەشێکی تێکچووە، بەڵام هەر شارێکی خۆشە.
 
تازە بەشار ئەسەد رووخابوو، من گەرماوگەرم گەیشتمە دیمەشق، ئاسەواری شەڕ و بەرگرییەکی کەمم دەبینی. ئۆتۆمبێلی سەربازی لەسەر شەقامەکان کەوتبوون، لێدرابوون.
 
من چووبووم بەدوای پرسیارێکدا بگەڕێم، کە هەموو کەس ئەو پرسیارەی دەکرد، بەڵام هێشتا وەڵامەکە باش رووننەبووەتەوە، چی وایکرد یەکێک لە بەهێزترین دەسەڵاتی ناوچەکە، وا بە ئاسانی بڕووخێت؟ ئەسەد و هەرە نزیکەکانی هەڵاتوون، ئەوەی ئێستا وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، پیاوێکە لە دیمەشق نەماوە.
 
محەممەد جەلالی، دوایین سەرۆکوەزیرانی سەردەمی ئەسەد بووە لە سووریا. یەکەم کەس لە شام چوومە ماڵی ئەوان. نیو کاژێر رێگەم بڕی تاوەکو گەیشتم، هەر کە زەنگی ماڵی ئەوم لێدا.. فەرموویان کرد.
 
خانمەکەی ئەندازیارە، رووخۆش دیاربوو، ئەوان ئێستا لەنێو شوقەیەکی 150 مەتریدا دەژین، چوومەژوورەوە، محەممەد جەلالیی سەرۆکوەزیرانم بینی، ئەویش پیاوێکی سادە و میواندۆست بوو.
 
گوتی نازانم سووریا چی بەسەر دێت، بۆیە بە باش نازانم بە ڤیدیۆ ئەم چاوپێکەوتنە تۆماربکرێت، بەڵام هەموو پرسیارێکی تۆ وەڵام دەدەمەوە..
هەر کە لێم پرسی گوتم ئەوە چی بوو روویدا؟ گوتی سوپای سووریا رووخا و شەڕکەرانی دەستەی تەحریری شام کاژێر دووی نیوەڕۆ هاتنە نێو شام.
 
محەممەد جەلالی لەم هەڤپەیڤینەدا باسی 24 کاژێری پێش رووخانی ئەسەد دەکات، لە کاژێر 08:00ی بەیانیی حەوتی دیسێمبەری 2024 تاوەکو کاژێر 08:00ـی رۆژی دواتر کە دەکاتە 8-12-2024.
 
محەممەد جەلالی، سەرۆکوەزیرانی سووریا لە سەردەمی ئەسەد
 
رۆژی شەممە 7-12-2024 کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران کرا، هەردوو شاری حەلەب و حەما لەلایەن دەستەی تەحریری شام کۆنترۆڵ کرابوون.
 
 
وەزیری بەرگری لە ژووری عەمەلیات بوو، دۆخی وڵات تا بڵێی شڵەژابوو، ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوو. سەرۆکوەزیران تاوەکو کاژێر شەشی ئێوارە لە دەوام بووە. بەرید و ئەوراقی حکومەتی واژۆ کردووە، هێشتا ئومێد هەبووە کە دیمەشق و ئەسەد ناکەون. 
 
پەیوەندییە کۆتاییەکان... رووخان دەستیپێکرد
 
تەلەفۆنی فەریق عەلی عەباس، وەزیری بەرگریی سووریا لە کاژێر 06:00ـی ئێوارە بۆ محەممەد جەلالی، هەموو شتێک دەگۆڕێت. شێواز و دەنگی وەزیری بەرگری هی کەسێک نەبوو، کە متمانەی بەخۆی هەبێت، بەڵکو دەنگی کەسێک بوو کە بۆی دەرکەوتووە ئەو شوێنەی قسەی تێیدا دەکات، وردە وردە دەڕووخێت.
 
سەرۆکوەزیران: چی روویداوە، دۆخەکە چۆنە؟ 
 
وەزیری بەرگری: دۆخەکەم بە تەواوەتی بە سەرۆک بەشار ئەسەد گوتووە و وێنەکەم بە تەواوەتی روونکردووەتەوە، من ناتوانم درۆ لەگەڵ سەرۆک بکەم.
 
دەسەڵاتی ئەسەد پێیوابوو هێزێکیان هەیە بە هیچ هێز و هەڕەشەیەک ناڕووخێت، بەڵام ئەوەی وەزیری بەرگری دەزانێت، هێشتا کەسی دیکە ئەوها بە روونی نازانێت، کە دەسەڵاتیان وا بەرەو کۆتایی دەچێت.
 
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بە محەممەد جەلالی دەڵێت: سەرمسوڕماوە لە پاشەکشەی سوپا و شەڕنەکردنیان. دواتر تەلەفۆنەکەی دادەخرێتەوە.
 
سەرۆکوەزیران دەگەڕێتەوە ماڵی خۆی. لەمەودوا بڕیارە تەنیا سەربازەکان بە دەنگی تەقاندنی گوللـە قسە لەسەر داهاتووی سووریا بکەن.
 
کاژێر 07:15 خولەکی ئێوارە، محەممەد رەحموون، وەزیری ناوخۆ دەچێتە ناو شار، لەسەر تەلەڤزیۆنی سووری سەر بە دەسەڵاتی ئەسەد دەردەکەوێت، دەڵێت، دۆخەکە ئارامە، هیچ پێویست ناکات خەڵک بکەوێتە دڵەڕاوکێوە، ئێمە هێندەی چیای قاسیون لەنێو دیمەشق قایمین. سوپا بە هەموو شێوەیەک بەرگری دەکات.
 
کاژێر 08:00ـی شەوە، تەلەفۆنێکی دیکە بۆ سەرۆکوەزیران دێت، ئەمجارە، وەزیری ناوخۆیە. قسەکانی نێو ئەو پەیوەندییە، مەترسیدارتربوون لە قسەکانی وەزیری بەرگری.  
 
وەزیری ناوخۆ: دۆخەکە زۆر لەوە خراپترە کە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە، سوپا وا دەڕووخێت توانای بەرگریکردنی نییە.
سەرۆکوەزیران بۆ وەزیری ناوخۆ: ئێستا لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن گوتت دۆخەکە باشە و لەژێر کۆنترۆڵ دایە. 
وەزیری ناوخۆ: ئەوە بۆ خەڵک بوو!
 
کاژێر 11:00ـی شەوە، سەرۆکوەزیران بۆ جاری کۆتایی لەگەڵ بەشار ئەسەد قسە دەکات، ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە نزیک بوو لەو راستییەی کە دەسەڵات لەبەرچاویان کۆتایی دێت، سەرۆکی سووریا هێشتا دان بەو راستییەدا نانێت.
 
محەممەد جەلالی بۆ بەشار ئەسەد: جەنابی سەرۆک، خەڵک بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە حومس هەڵدێن، ترس و شڵەژانە، سوپا هەر لە پاشەکشەدایە.
 
سەرۆکوەزیران دەڵێت: بەشار ئەسەد هەندێک لەسەر تەلەفۆن بێدەنگ بوو، دواتر گوتی (ئا ئا...)
بەشار ئەسەد بۆ سەرۆکوەزیران: ئەو خەڵکە دەیەوێ بەرەو کوێ بچن؟ هیچ جێگایەک هەیە بۆی بڕۆن؟
 
سەرۆکوەزیران بۆ ئەسەد: کێشەکە ئەوەیە تووشی ترس و دڵەڕاوکی و شڵەژان بوونە، ئەمە گەورەترە لەوەی بۆ کوێ دەچن.
 
سەرۆکوەزیران دەڵێت، زۆر شتی دیکە هەبوو، لەم پەیوەندییەدا نەمتوانی پێی بڵێم، چونکە سەرۆک کەسێک بوو کە تووڕە دەبوو، حورمەتی کەسی نەدەگرت، ئەوەی خراپ با دەهاتە سەر زاری. بۆیە ترسم لە تووڕەیی سەرۆک زیاتر بوو لە ترسم لە دەستەی تەحریر شام.
 
بەشار ئەسەد بە سەرسوڕمانەوە پرسیار لە سەرۆکوەزیران دەکات: بۆچی خەڵک دەترسێت؟ دوایین رستەی ئەسەد بۆ سەرۆکوەزیران ئەوە دەبێت کە باشە سبەینێ با بزانین چ دەبێت.
 
سوپا وردە وردە لەنێو کۆڵانەکانی دیمەشق رادەکەن
 
ترسی سەرۆکوەزیران زیاتر دەبێت، کاژێر چواری بەرەبەیانە لە رێگەی نووسینگەی سەرۆکی سووریا دوو جار هەوڵدەدات قسە لەگەڵ بەشار ئەسەد بکات، تاوەکو زەنگی کۆتایی تەلەفۆنەکە، کەس وەڵامی ناداتەوە. کەس لە نووسینگە و کۆشکی گەل نەماوە. ئیدی بەشار ئەسەد و هەموو دەسەڵاتی بزردەبن.
 
کاژێر پێنجی بەیانی، تەلەفۆنێک بۆ سەرۆکوەزیران دێت، کاتێ سەیری دەکات، وەزیری ناوخۆیە، ئەم جارە باسی دۆخی دیمەشق و سوپای بۆ ناکات. بەڵکو وەزیری ناوخۆ لەم پەیوەندییەدا لێدانی بزماری کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەسەد بە سەرۆکوەزیران رادەگەیێنێت.
 
وەزیری ناوخۆ بۆ سەرۆکوەزیران: هەموو شتێک کۆتایی هات، بەرەو ساحل دەچم، ئامۆژگاری تۆ دەکەم خۆت رزگار بکە و بڕۆ... سەرۆکوەزیر بە وەزیری ناوخۆ دەڵێت: راناکەم و بۆ هیچ شوێنێک ناچم، لە دیمەشق دەمێنمەوە.
 
لەسەر شەقامەکانی دیمەشق، تانک و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشکراو و سەربازی دەبینی، سیمبوولی هێزی دەسەڵاتی ئەسەد بوون، ئێستا لەکارکەوتوون، ئاسەواری شەڕی پێوەدیارە. هەندێکیان وادەردەکەوێت هەر شەڕیان پێنەکراوە. رووخانەکە پێش ئەوەی سەربازی بێت لە ناوخۆی خۆیانەوە دەست پێکراوە.
 
لە هەموو سوچ و کۆڵانێکی پایتەخت باسی رووخان و کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئەسەدە. سەربازەکان کە زانیویانە کار لە کار ترازاوە، ئیدی بەشار ئەسەد حاکمی سووریا نییە، خودە و جلی سەربازی خۆیان فڕێدەدەن، بە جلی مەدەنی خۆیان رزگار دەکەن.
 
کۆبوونەوەی ترس
 
بەشار ئەسەد لە رۆژی 7-12-2024 دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگری و فەرماندە باڵاکانی سوپا کردووە کە چۆن بەرگری لە دیمەشق و دەسەڵاتەکەی بکەن.
 
بەدوای ئەوەدا گەڕاین کە کۆبوونەوەکە لە کوێ بووە و چی تێیدا گوتراوە. زانیارییە پشتڕاستکراوەکان پێمان دەڵێن کۆبوونەوەکە لە دەستەی ئەرکان بووە. بەشار ئەسەد لەگەڵ سەرکردە گەورەکانی سوپا لە هۆڵێکی بچووکدا کۆبووەتەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا کە پڕی دڵەڕاوکی و ترس بووە، باسیان لە چۆنیەتیی پارێزگاریکردن لە دیمەشق کردووە.
 
 
بەڵام وەزیری بەرگری زانیویەتی کە لەناوچوونی دەسەڵات زۆر نزیکبووەتەوە، بگرە کۆتایی هاتووە پێش ئەوەی کۆتایی پێبهێنن... تەنیا چەند کاژێرێکی کەم ماوە، چونکە سوپا رووخاوە و بەرگری لە دەسەڵاتی ئەسەد ناکات.
 
ئەفسەرەکانی سوپا
 
سوپای سووریا بەرامبەر هیچ سوپایەکی دەرەکی نەشکا، بەڵکو لە ناوخۆی خۆیدا تێکشکا و رووخا. گەندەڵی لەنێو جومگەی سوپادا بڵاوببووەوە، سەربازەکان باوەڕیان بەو دەسەڵاتە نەمابوو.
 
عەقید ئەسەد 34 ساڵە لەنێو سوپای سووریادا بەرگری لە ئەسەدی باوک و کوڕی کردووە، لەنێو کۆڵانەکانی ناوچەی بەرزەم بینی، زۆر مەبەستم بوو لە دەمی خۆیانەوە بزانم بۆ سوپا بەرگری لە دەسەڵاتی ئەسەد نەکرد؟
 
هیڤیدار ئەحمەد: بۆچی رژێم رووخا؟ بۆچی سوپا توانای نەبوو بەرگری لە وڵاتەکەی بکات؟
 
عەقید ئەسەد سەعید: 99% سوپا لە برساندا دەمردن، تەنیا چەند کەسانێک کەم هەبوون تێر بوون. برسێتی بە شێوەیەکی ترسناک هەبوو، مووچەکەت بەشی نەکردی، دەتوانی چی بکەی؟
 
ئەفسەرەکەی سوپای سووریا لە ناوچەیەکی هەرە هەژاری پایتەخت لەگەڵ منداڵەکانی دەژیت، نایشارێتەوە کە ژیان لە سووریا تەنگی پێهەڵچنیون و ژیانیان زۆر سەخت بووە.
 
هیڤیدار ئەحمەد: لەوێ ماڵەکەت چەند ژووری هەیە؟
عەقید ئەسەد سەعید: سێ ژوور.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەمە ژووری میوانە؟ مەکینەکەش لێرەیە؟
عەقید ئەسەد سەعید: بۆ کارکردنە.
هیڤیدار ئەحمەد: هی تووە، تۆ عەقیدی و کاردەکەیت؟
عەقید ئەسەد سەعید: من لەسەر مەکینەکە کاردەکەم، چونکە منداڵم هەیە و پێڕاناگەم.
هیڤیدار ئەحمەد: تاوەکو پارەی زیاتر پەیدابکەی؟
عەقید ئەسەد سەعید: بەڵێ.
هیڤیدار ئەحمەد: تۆ عەقیدی لەنێو سوپا؟
عەقید ئەسەد سەعید: بەڵێ.
هیڤیدار ئەحمەد: کوا جلەکانی سەربازیت لە کوێن؟ 
هیڤیدار ئەحمەد: پلەکەت لە کوێیە؟
عەقید ئەسەد سەعید: پلەکەمان سووتاند. زەلیل ببوو!
هیڤیدار ئەحمەد: کەی تێگەیشتن کە کارەکان گەیشتوونەتە کۆتایی؟
عەقید ئەسەد سەعید: من لە دوو و سێی مانگەوە هەستم بە دۆخەکەی کرد، گرانیی نرخەکان و مووچە بەشی دوو یان سێ رۆژی دەکرد، چیت دەویست بیکەیت؟ چیت دەویست بیکەیت؟ چیت دەویست بیکەیت؟
 
 
ماڵی ئەم ئەفسەرە هەژارەی سوپای سووریامان بەجێهێشت. زۆربەی ئەفسەر و سەربازی دیکەش هەر بەو شێوەیە دەژین. هەر لە نزیک ماڵەکەی، ئەفسەرێکی دیکەی سوپای سووریا بە پلەی عەمیدم بینی، ئەو 35 ساڵ لەنێو ریزەکانی سوپادا بووە، زانیاری زیاتر لەسەر ساتەکانی کۆتایی رژێمی سووریا و دوخی نێو سوپا بۆ ئێمە باس دەکات.
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئێوە تا دوا رۆژەکان مانەوە، چی بەسەر سوپای سووریا هات؟ بۆچی بەرگری لە دەوڵەتەکەی نەکرد؟
عەمید عەلی خەدۆج: فەرمانمان بۆ هات کە بەجێیبهێڵین و بکشێینەوە.
هیڤیدار ئەحمەد: فەرمانەکە لە کێوە هات؟
عەمید عەلی خەدۆج: لە فەرماندەی سەربازگەکە، فەرماندەی یەکەکە.
هیڤیدار ئەحمەد: لە چ ناوچەیەک؟
عەمید عەلی خەدۆج: لە قابوون.
هیڤیدار ئەحمەد: گوتی شەڕ مەکەن؟
عەمید عەلی خەدۆج: پێی گوتین هەرکەس دەیەوێت بڕوات خوای لەگەڵ بێت، ئەوەی دەیەوێت بڕوات، خوای لەگەڵ بێت.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەمە کەی روویدا؟
عەمید عەلی خەدۆج: سەعات یەک و نیوی شەو قسەی کرد، لەنێوان یەک و نیو و دووی شەو، شەو یان بەیانی رۆژی شەممە. ئەو گەڕایەوە نووسینگەکەی و سەربازەکان جلی مەدەنییان لەبەرکرد و رۆیشتن، منیش جلی مەدەنیم لەبەرکرد و رۆیشتم.
هیڤیدار ئەحمەد: هەموو؟
عەمید عەلی خەدۆج: هەموو. وەک گوتم، کەس پۆستی وەرنەدەگرت ئەگەر پارەی نەدابووایە.
هیڤیدار ئەحمەد: چەند پارەیان دەدا؟
عەمید عەلی خەدۆج: دەبێ 300 ملیۆن بدەیت بۆ وەرگرتنی پۆست. کاتێک پۆستەکەی وەرگرت، ئیدی دەست بە دزی دەکات تاوەکو 300 ملیۆنەکەی داویەتی بۆ وەرگرتنی پۆست بەدەستی دەهێنێتەوە، ئەوەی دیکەش پاشەکەوت دەکات بۆ منداڵەکانی.
هیڤیدار ئەحمەد: گوتت بۆ لیوا  300 ملیۆن بوو، پلەی زیاتر چەند بوو؟
عەمید عەلی خەدۆج: ئەگەر فەرماندەیی فیرقە بێت، 500 ملیۆن دەبێت. 
هیڤیدار ئەحمەد: بەکێ دەدەن؟
عەمید عەلی خەدۆج: دەدەنە کەسانی سەر بە ئەمن و لەوان گەورەتر کە واستەی رژێمن. ئەمە راستییەکەیە دەڵێم. ئەمە راستییەکەیە. هەموو رۆژێ گەندەڵی زیاتر دەبوو، رۆژ بە رۆژ کۆمەڵگە نەفرەتی لە دۆخەکەی دەکرد کە تێیدا ژیاون.
 
عەلەوییەکان خیانەتیان کردووە؟
 
دەچینە ناوچەی عشلوەروەر لەنێو دیمەشق، زۆربەی هەرە زۆری دانیشتووانەکەی عەلەوین، سەر بە تائیفەی بەشار ئەسەد، ئەمانە لە لازقیەوە کە پێگەی سەرەکی عەلەوییەکانە هێنراون بۆ پایتەخت بۆ ئەوەی لە رۆژی رەش بەرگری لە دەسەڵات و بنەماڵەی ئەسەد بکەن. لەگەڵ نەمانی ئەسەد، رەنگە لە ترسی داهاتوو، وەلائی خۆیان گۆڕی.
 
هەر کە لێیان دەپرسم ئێوە پیاوی ئەسەد بوون؟ یەکسەر حاشا لە ئەسەد دەکەن، نهێنییەکانی کاری بنەماڵەی ئەسەد ئاشکرا دەکەن.
 
موحسین عەبدۆ: من خانەنشینم و 250 هەزار وەردەگرم. برا ئەمە تائیفەی عەلەوییە کە دەیبینی. زۆرینەیان تائیفەی هەموویان لە هەژاری و لە کەمپەکاندا دەژین، کە کەس ئەو ژیانەی پێ قبووڵ نییە.
 
هاووڵاتییەکی سووریی عەلەوی: بازرگان دەبێ نۆ بدات تاوەکو بتوانێ 10 بەدەستبهێنێت. بازرگان بە کێ دەدەن؟ بە بنەماڵەی ئەسەد، بۆ بنەماڵەی مەخلووف، بۆ بنەماڵەی حەسەن، بۆ بنەماڵەی...
 
هیڤیدار ئەحمەد: قسەکانی راستن؟ 100٪؟
هاوڵاتی: بەڵێ! بەڵێ! 100٪.
هیڤیدار ئەحمەد: بە هەموو هێزتانەوە بەرگریتان لە رژێم کرد.
زیاب سەلووم: ئەم بابەتە سەپێنراوە، ببوورە مامۆستا. تۆ ئەگەر لە نێوانماندا بژیابای... راوەستە! راوەستە! راوەستە! مامۆستا ئەگەر تۆ لە نێوانماندا بژیابای لەم گرووپە، لەم دەوروبەرە کە ئەم گرووپانەی تێدان، بە پێچەوانەی ویستی خۆت، دەبووایا بەرگری لێ بکەیت، چونکە ئەگەر بەرگری لێ نەکەیت منداڵەکانت و ژنەکەت و ماڵەکەت و براکانت هەموویان لەژێر هەڕەشەدابوون.
 
موحسین عەبدۆ: یان سەری تۆیان دەبڕی یان دەبووایە لەژێر پۆستاڵەکانیاندا بووایە، چی هەڵدەبژێریت؟ پۆستاڵ یان شمشێر؟
هیڤیدار ئەحمەد: نیوەی نەبوو؟
موحسین عەبدۆ: نیوەی نەبوو.
 
هیچ شتێک وەک خۆی نەماوە
 
لە گۆڕەپانی ئەمەوی پەیکەرەکانی بەشار ئەسەد و باوکی لە دەسەڵات بەتاڵ بوونەتەوە، سەیری خەڵکی خۆیان دەکەن، هیچیان پێناکرێت. ئەم پیاوە قژ سپییە بەو تەمەنە لەسەر سینگی پەیکەری ئەسەد هەر هەڵدەپەڕێت. پەیکەرەکە بێدەنگ و بێ دەسەڵاتە. خەڵک ئەم دیمەنانە وەک گۆڕانێکی گەورەی مێژوویی تۆمار دەکەن.
 
چوومە مەترسیدارترین شوێنی دەسەڵاتی ئەسە، ئەوێ دەزگای هەواڵگریی هەموو سووریایە لە دیمەشق. ناوێکی ترسناکە لە زاکیرەی خەڵکدا، هەمیشە جێگەی ترس و تۆقاندن و بێسەروشوێنکردنی خەڵک بووە.
 
ئەوانەی لەنێو ئەم دەزگایە کاریان کردووە لە هەموو فیلتەرێکی ئەمانەتی دەسەڵاتی ئەسەد تێپەڕیون، بەڵام سەربازەکانی دەستەی تەحریر شام کە تازە گەیشتوونەتە بەر دەرگەی ئەم دەزگایە، باسی هەبوونی پەیوەندیی ئەفسەرەکانی هەواڵگریی سووریا دەکەن پێش گەیشتنیان بۆ ناو پایتەخت. 

 

 
هەر کە چوینە نێو دەزگای هەواڵگری، ئەم سەربازە یەکسەر دەمانباتە بەشی گرتووخانەکانی ژێر زەوی. بە هەزاران کەس لێرە زیندانی کرابوون. 
ئێرە شارێکە لەژێر شاری دیمەشق.
 
ئاسەواری تاوانەکان، برسیکردن، لێدانی خەڵک لەنێو گرتوخانەکانی ئەسەد دیارە کە هیچ دلۆڤانییەک لای ئەسەد نەبووە. ئەم شەڕکەرەی دەستەی تەحریری شام مەبەستی بوو، ئەو بەڵگانەی نهێنییەکانی ئەسەد بۆ چەندین ساڵە تێیدا هەڵگیراون، بوونەتە خەڵووز، پیاوانی سەر بە ئەسەد ئەمەیان کردووە. پێشانی ئێمە بدات.
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئەفسەرەکانی هەواڵگری پەیوەندییان لەگەڵ ئێوە هەبوو؟
 
چەکدارێکی تەحریر شام: بەڵێ پەیوەندییان هەبوو، هەماهەنگیمان هەبوو لەگەڵیان. دواجار لەنێو خۆیاندا متمانە نەمابوو لەگەڵ یەکدی، هەبوو بە نهێنی هەڵات و خۆی شاردەوە، هەشبوو ئاگای لە هیچ نەبوو، تاوەکو ئێمەیان لەسەر سەری خۆیان بینی!
 
چەکداری تەحریر شام: زۆربەی بارەگاکانی دیمەشق، وەک کۆگا گرنگەکان و یەکە گرنگەکان، هەموویان پێش کشانەوەیان سووتاندیان وەک کاخەزە بچووکەکان. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: هیچی نەماوە نەسووتابێت؟
چەکداری تەحریر شام: نا هیچی نەماوە، ئەوە هەموو کۆمپیوتەرن.
هیڤیدار ئەحمەد: هەموو کۆمپیوتەرن؟
چەکداری تەحریر شام: هەموو بەڵگەنامە نهێنییەکان، هەموو شتێکی نهێنییان سووتاند.
هیڤیدار ئەحمەد: پێش ئەوەی هەڵبێن؟
چەکداری تەحریر شام: ئێستا ئەگەر لێرە وێنە بگریت دەردەکەوێت کە ئەم کۆمپیوتەرانە هەمووی، ئەم هەموو کاخەزانە، هەموو کاخەزەکان هەمووی کاری نووسینگە نهێنییەکانن و دەبێت لە وێنەکەدا دەربکەون.
 
هیڤیدار ئەحمەد: شتێکت خوێندووەتەوە و شۆکی کردبی؟
 
چەکداری تەحریر شام: تووشی شۆک بووم، کە دەفتەرێکم دۆزییەوە، لەسەری نووسرابوو سوپای سووری، بۆ هاوڕێکەی نووسیویەتی: "هاوڕێم موستەفا" و راپۆرتی لەسەر نووسیبوو.
 
هیڤیدار ئەحمەد: مستەفا لە هەمان نووسینگە کاری دەکرد؟
 
چەکداری تەحریر شام: بەڵێ هاوڕێی بوو و لە هەمان نوسینگە کاریان دەکرد لەسەری دەنووسێت ئەمە کارەکەیەتی.
 
خەڵکی سووریا لە دوای رووخانی رژێمەکەیان هەست بە ئازادییەک دەکەن، کە تەمەنێکە بە ئاگر و ئاسن لێیان زەوتکراوە.
 
خەڵک شەڕ دەکات بو نۆرەگرتنی نان، بەڵام بۆ ئەم دۆخە تازەی وڵاتەکەیان قسەیەکی دیکە دەکەن، کە لای ئەوان بە قیمەتە.
 
هاووڵاتییەکی دیمەشقی لە ناوچەی روکنەدەین کە بە ناوچەیەکی کوردنشینی نێو شاری دیمەشق دەناسرێت، لەگەڵ چەند کەسێک پێکەوە قسەیان لەسەر ئازادی دەکرد. "ئازادی لە هەموو شتێک بەنرخترە. ئازادی لە هەموو شتێک بەنرخترە. ئازادی لە هەموو شتێک بەنرخترە."
 
گۆڕینی دەسەڵاتی ئەسەد نرخەکەی زۆر بوو، خەڵکی سووریا بە چەک و بە پارە کڕییان تاوەکو رژێمی ئەسەد بگۆڕن، بەبێ ئەوەی بزانن ئەوانەی جێگەی ئەسەد دەگرنەوە، کێن و پێناسەیان چییە.
 
ئاوابوون و کاژێرەکانی کۆتایی ئەسەد، تەنیا کۆتایی پێهێنانی کەسێک یان دەسەڵاتێک نەبوو، بگرە لەگەڵ ئاوابوونی ئەم دەسەڵاتە ترسەکەشی مرد. دیمەشق لەژێر هەیمەنەی ئەم دەسەڵاتە ژیا و شاهیدی رووخانی بوو. سووریای نوێ ئیدی سووریای پێشتر نییە. بەڵام هێشتا دیار نییە کێ بەدوای گەڕانی ناسنامەیەکی دیکەیە بۆ ئەم وڵاتە و کێ بەشی دوایی ئەم چیرۆکەی سووریا دەنووسێت؟ 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە