سووریا
چەکدارانی دەستەی تەحریری شام لە پارێزگای ئیدلب لەدەرەوەی مزگوتێک وەستاون. وێنە: بەکر قاسم- AFP
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا بڵاویانکردەوە، ژمارەیەک سەربازی سوپای رووسیا شاری حەمایان بەرەو حمس جێهێشت.
رۆژی شەممە، 30ی تشرینی دووەمی 2024، سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا بڵاویانکردەوە، بەهۆی بەردەوامیی پێشڕەوی دەستەی تەحریری شام بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری حەما، سەربازانی رووسیا شاری حەمایان بەرەو حمس جێهێشت.
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا ئاماژە بەوەش دەکەن، بەشێک لە دانیشتووانی شارۆچکەی تەلبیسە رژاونەتە سەر شەقامەکان و داوا دەکەن هێزەکانی سوپای سووریا شارەکەیان جێبهێڵن. شارۆچکەی تەلبیسە کەوتووەتە باکووری پارێزگای حمس و سەر سنووری پارێزگای حەما. شارۆچکەکە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای حمسەوە دوورە.
لە رۆژی چوارشەممەوە دۆخی سووریا بەرەو ئاڵۆزی زیاتر رۆیشتووە. دەستەی تەحریری شام دەڵێت چەکدارەکانی چوونەتە نێوەڕاستی حەما.
لە دەستپێکی هێرشەکانی دەستەکەوە، سوپای سووریا و رووسیا دەستیان بە بۆردوومانکردنی چەکدارەکان کردووە. بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، تەنیا ئەمشەو لە بۆردوومانێکدا بۆ سەر شارۆچکەی سەندەف لە حەما، 7 چەکداری گرووپەکەیان کوشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ