سووریا
رۆژی سێشەممە 29-08-2023 گرژی لە رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور لەنێوان شەڕڤانان و چەکدارانی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور روویدا
رووداو دیجیتاڵ
لە شەڕێکدا لەنێوان شەڕڤانانی هەسەدە و چەکدارانی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور 13 کەس کوژران، ئەوەش دوای ئەوە هات کە دوو رۆژ پێش ئێستا لە ئۆپەراسیۆنێکدا سەرۆکی ئەنجوومەنەکەی دێرەزوور دەستگیر کرا.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، رۆژی سێشەممە 29-08-2023 گرژی لە رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور لەنێوان شەڕڤانان و چەکدارانی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور روویدا و لە ئەنجامدا 10 چەکداری ئەنجوومەنەکە کوژران و سێ شەڕڤانیش گیانیان لەدەستدا.
شەڕەکە دوای ئەوە هات کە چەکدارانی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور هێرشیان کردە سەر چەند بنکەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات بەهۆی ئەوەی رۆژی یەکشەممە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای حەسەکە شەڕڤانان ئەحمەد خەبیل ناسراو بە ئەبو خەولە، سەرۆکی ئەنجوومەنەکەیان دەستگیر کردبوو.
هەسەدە هیچ زانیارییەکی لەبارەی دەستگیرکردنی سەرکردەکەی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ دابینکردنی ئاسایش و دژی تاوانبارانی قاچاخچێتیکردن بە مادەی هۆشبەرە.
ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور یەکێکە لە گرووپە سەربازییە عەرەبییەکان و بەشێکن لە هێزەکانی سووریای دیموکرات کە ئاسایشی ئەو ناوچانەی پارێزگای دێرەزوور دەپارێزن کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی عەرەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ