خواست لەسەر فێربوونی زمانی رووسی لە سووریا زیادبووە

28-08-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نزیکەی 10 ساڵ بەسەر دەستوەردانی سەربازیی رووسیا لە سووریا تێدەپەڕێت و بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەی ئەو وڵاتە دەڵێن، ژمارەیەکی بەرچاوی هاووڵاتییانیان خۆیان فێری زمانی رووسی دەکەن. 
 
ئاژانسی هەواڵیی سووریا (سانا) لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی پەروەردەی سووریا بڵاویکردەوە، ئێستا 39 هەزار و 500 قوتابی لە پۆلی حەوت لە خوێندنگەکانی ئەو وڵاتە زمانی رووسی دەخوێنن.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی سووریا، لە ساڵی 2020 نزیکەی 24 هەزار قوتابی لەو وڵاتە زمانی رووسییان خوێندووە؛ لە ساڵی 2021 ژمارەکە بۆ زیاتر لە 31 هەزار قوتابی بەرزبووەتەوە و لە 217 قوتابخانەی 12 پارێزگای سووریا زمانی رووسی خوێندراوە.
 
رووسیا لە ساڵی 2015 ژمارەیەک سەرباز و راوێژکاری خۆی لە سووریا بۆ پشتگیریکردن لە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا جێگیرکرد و لەوکاتەوە دەیەوێت لە رێگەی پەروەردەوە کاریگەری کولتووری خۆی لەو وڵاتە زیاتر بکات.
 
لە 9 ساڵی رابردوودا رووسیا چەندین ناوەندی پەروەردەیی لە سووریا کردووەتەوە و سەرەتای ئەم ساڵیش وەزارەتی پەروەردەی سووریا بڵاویکردەوە، رووسیا نزیکەی 5 هەزار کتێبی تایبەت بە فێربوونی زمانی رووسی بۆ ناردوون بۆ ئەوەی لە پۆلی حەوتی بەشێک لە قوتابخانەکانی ئەو وڵاتە رووسی بخوێندرێت. 
 
لە سیستمی پەروەردەی سووریادا لە پۆلی حەوتەوە قوتابییان دەتوانن وانەی فێربوونی زمانی رووسی هەڵبژێرن، بەڵام وانەکە بژاردەیەوە و قوتابییان دەتوانن نەیخوێنن.
 
رامی دالی، جێگری وەزیری پەروەردەی سووریا دەڵێت، ئەو کتێبانەی رووسیا ناردوونی بەسەر قوتابخانەکانی هەریەکە لە شارەکانی دیمەشق، حومس، تەرتووس، لازقیە، سوێدا و دەرعا دابەشکراون.
 
بەگوێرەی رێکخراوی The Global Christian Union رووسیا ساڵانە سکۆڵەرشیپ بە هەزار خوێندکاری سووریایی دەدات بۆ ئەوەی بە خۆڕایی لە وڵاتەکەی بخوێنن و ئێستا نزیکەی پێنج هەزار خوێندکاری سووریایی لە زانکۆکانی رووسیا دەخوێنن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە