لە کەمپێکی ئاوارەکانی سووریا 5 کەس دەکەونە نێو تانکییەکی سووتەمەنی و گیان لەدەست دەدەن

28-01-2025
دڵخواز محەممەد
پرسەی ئەو 5 کەسەیە کە لە تەقینەوەی تانکییەکەدا گیانیان لەدەستدا.
پرسەی ئەو 5 کەسەیە کە لە تەقینەوەی تانکییەکەدا گیانیان لەدەستدا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت، کەمپی ئەو کۆچبەرە سووریاییانەیە کە لە بەرزاییەکانی گۆلان ئاوارە بوونە. دوێنێ شەو 5 کەس دەکەونە نێو تانکییەکی سووتەمەنی و دەخنکێن. 
 
وەلید کە شاگردی خاڵەکەی بوو، دەچێتە لای تانکییەکە بۆ ئەوەی رێژەی سووتەمەنی نێو تانکییەکە دیاری بکات، بەڵام دەکەوێتە نێو تانکییەکە. خاڵی وەلید کە ناوی جیهاد بوو، لەگەڵ کوڕەکەی دەچن رزگاری بکەن، بەڵام ئەوانیش دەخنکێن. سادقیش کە کوڕی جیهاد بووە لەگەڵ دراوسێکەی دەچن ئەوانی دیکە رزگار بکەن، بەڵام ئەوانیش دەسووتێن. 
 
وەسیم ئیبراهیم، شایەتحاڵی رووداوەکە بووە و دەڵێت، "گوێمان لە دەنگێکی بەهێز بوو و دواتر چووینە دەرەوە، هەوڵماندا رزگاریان بکەین. هەندێک کەس هەوڵیاندا بچنە ژوورەوە، بەڵام لەبەر بۆنەکەی نەیانتوانی. لەناکاو کەسێک کەوتە خوارەوە و دۆخەکە لەناکاو شێوا. ئێمە ئەومان دەرهێنا دواتر ئەوان پەیوەندییان بە دەستەوە کرد. ئینجا ئەوان هاتن و تیمەکانی رزگارکردن گەیشتن و توانیان گەنجەکان رزگار بکەن، سوپاس بۆ خوا توانیمان دوای ماوەیەک ئەوان رزگار بکەین"
 
پرسەی ئەو 5 کەسە، کەسوکار و خەڵکی کەمپەکەی لە خۆیدا کۆکردەوە. فەخری داود، برای یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستداوە دەڵێت، ئامانجی براکەی ئەوە بووە سووتەمەنی بۆ تەواوی خەڵکی کەمپەکە دابین بکات، چونکە پێشتر لێێ بێبەش ببوون. 
 
فەخری داود دەڵێت، "ئەو دەیویست هەمیشە نەوتی زۆری هەبێت چونکە ئێمە هەمیشە لە هەبوونی نەوت بێبەشبووین، سڵاو بۆ گیانی پێغەمبەر، یەک لەوانەی گیانی لەدەستدا سێ منداڵی هەبوون، نا چواری هەبوون، دووانیان تێدا چوون و دووانیش ماون. فوئاد و شادی"
 
عەلی داود کەسوکاری یەکێک لەوانەیە کە گیانی لەدەستداوە  و ئاماژە بەوە دەکات، "کوڕەکەم هاواری دەکرد و بانگی باپیری دەکرد. ئەویش هاتە دەرەوە تاوەکو هەردووکیان رزگار بکات. پێموایە ئەویش بۆن گرتی و بە دروستی نازانم چی روویدا. کوڕەکەم هاتە دەرەوە دەستی کرد بە هات و هاوار. خەڵک هاتن و ئەو دوو گەنجەش مردن. بیستوومە کە هەر دوو مردووەکە برای یەکدین، لەبەر ئەو ناڵێم کە ئەو مامی من بوو، بەڵام کەسێکی باش بوو، لە نێو کەمپ نەوتی بە نرخێکی کەم دەفرۆشت."
 
دوای گیانلەدەستدانی 5 کەسەکە، تەرمەکانیان گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانەی موشتەهد، دواتر لە گۆڕستانی کەمپەکە بە خاک سپێردران.  

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە