لە ئیدلیب وێنەیەکی تەنزئامێزی پریگۆژین لەسەر دیوارێک دەکێشرێت کە بە بۆردوومانی رووسیا رووخاوە

26-08-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
وێنەیەکی تەنزئامێزی پریگۆژین لەسەر دیوارێک لە ئیدلیب
وێنەیەکی تەنزئامێزی پریگۆژین لەسەر دیوارێک لە ئیدلیب
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەگەر پریگۆژین دوای مردنی لای بەشێک لە رووسییەکان وەکو پاڵەوان بناسرێت، لای بەشێکی سووریایییەکان پێچەوانەیە. دوو نیگارکێش لەسەر دیوارێک کە وەکو خۆیان دەڵێن، بە بۆردوومانی فڕۆکەی رووسی رووخاوە، وێنەیەکی تەنزئامێزیان لەسەر شێوەی پریگۆژین کێشاوە.

ئەو دوو نیگارکێشە دەڵێن، فەرماندە سەربازییەکە لای ئەوان لە تاوانبارێک زیاتر هیچی دیکە نییە. عەزیز ئەسمەر، نیگارکێش گوتی، "دوای هەواڵی مردنی پریگۆژین کە سەرۆکایەتیی گرووپی ڤاگنەری دەکرد، ئەو تاوانبارەی لەگەڵ سەرۆکەکەیدا کە هاوئاهەنگی رژێمی تاوانکاری ئەسەد بوون لە ئازاردانی خەڵکی سووریا و خەڵکی ئۆکراینا، بۆیە خەڵک لە باکووری سووریا زۆر دڵیان بە هەواڵەکە خۆشبوو."
 
گرووپی ڤاگنەر بە سەرۆکایەتیی پریگۆژین لە 2015ـەوە چوونە سووریا. بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، ڤاگنەر دەوروبەری 5000 چەکداری لە سووریا هەبوو و، یارمەتیدەرێکی گەورەی سوپای سووریا بوو لە کۆنترۆڵکردنەوەی بەشێک لەو ناوچانەی لەدەستی دابوون.
 
محەممەد خەدوور، نیگارکێش دەڵێت، "چاوەڕوانکراوە کە کەسێکی وەکو ئەو بکوژرێت. دواجار پریگۆژین تاوانبارێکە کە لەلایەن تاوانبارێکەوە کوژراوە. لە کۆتاییدا خۆی بوو بە چاوحاڵی تاوانەکانی پووتین."
 
گرووپی ڤاگنەر لە 2014 دامەزرا. جگە لە سووریا، گرووپەکە لە لیبیا، مالی، سوودان، نایجەر، ئەفریقای نێوەڕاست و مادەگەسکاریش جموجووڵی چەکداری هەیە و لەلایەن رووسیاوە ئاراستە دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە