رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتن رایگەیاند، پێش هەموو شتێک دەبێت کورد ماڵی خۆی رێکبخات ئینجا بەرەو دیمەشق بچێت، بەپێچەوانەوە رۆڵیان لەوێ لاواز دەبێت.
بەسام ئیسحاق، نوێنەری مەسەدە لە واشنتن میوانی بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی رووداو بوو، کە محەممەد عیزەدین پێشکێشی دەکات. هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین دۆخی کورد لە سووریای پاش بەشار ئەسەد کرد و رایگەیاند، ئەمریکا هەوڵدەدات دید و بۆچوونە جیاوازەکانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردی لەیەکدی نزیک بکاتەوە.
نوێنەری مەسەدە لە واشنتن دەڵێ "ئەمریکییەکان هەمیشە پێداگربوون بەوەی چارەسەرکردن هەمیشە لە رێگەی دەسەڵات لە دیمەشقەوە بکرێت. تەنانەت ئەم درووشمەیان تاوەکو چەند رۆژێک پێش رووخانی بەشار ئەسەد دووبارە دەکردەوە. بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیەش دەبێ لایەنە سیاسییەکان ریزەکانیان یەکبخەن و پێموایە دەبێ سەرەتا دیالۆگی نێوماڵی کورد لەنێوخۆوە بەبێ دەستوەردانی دەرەکی دەستپێبکات. ئینجا قۆناخەکانی دیکە تێپەڕێت."
بەسام ئیسحاق بە پێویستی دەزانێت کورد نێوماڵی خۆی رێکبخاتەوە، "ئەو کارە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و لێکتێگەیشتن روودەدات و لەئەنجامدا تیمێکی بەهێز بۆ دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق پێکدێت. لەم قۆناخەدا نابێ پاساوی ئەوە بدەین، کورد پەرشوبڵاوەوە و یەکگرتوو نین، بۆیە دەبێ کورد یەکدەنگ، یەکڕەنگ و یەکهێز بن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی هەمووانیان هەبێت."
ئەو بەرپرسەی مەسەدە پێیوایە ئەگەر ئەمریکا بیەوێت رێگری لە سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونەوەی داعش بکات، دەبێت لە پشتیوانییەکانی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەردەوام بێت.
لەبارەی هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر کوردی رۆژئاوا، ئەو بەرپرسەی مەسەدە بە رووداوی راگەیاند، "ئەمە پەیوەندیی بە تورکیاوە هەیە، ئەگەر سیاسەتی میانڕەو بگرێتەبەر و خۆی بەزل نەزانێت دەبێ رێز لە هەمووان بگرێت، رێز لە کورد بگرێت و تۆمەتباریان نەکات. پێچەوانەی ئەمە ئەگەر پەڕوباڵی لایەنێک بکات و پشت لە لایەنێکی دیکە بکات و خۆی بسەپێنێت و ئیرادەی خۆی بسەپێنێت و سنوورە ئاوییەکان سەرلەنوێ دابڕێژێت، ئەمە ناکۆکیی زۆری لێدەکەوێتەوە و گەلی سووریا قبووڵی ناکات وەک چۆن سەرباری هەوڵەکانی، ئێران نەیتوانی رژێمی خۆی دابمەزرێت، تورکیاش ناتوانێت هەمان شت بکات."
بەسام ئیسحاق گوتی "هەموو کورد چاویان لەوەیە لەگەڵ دیمەشق گفتوگۆ بکەن، تورکیاش دەبێ خۆی یەکلایی بکاتەوە لە بابەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردانی سووریا."
تورکیا داوا لە هەسەدە دەکات ریزەکانی لە پەکەکە پاکبکاتەوە. نوێنەری مەسەدە لەبارەی ئەو داوایەی تورکیاوە دەڵێت: "ئەمە کارتی گوشارە، ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا نەکراوەتە ئامانجی هەڕەشەکانی هیچ پێکهاتەیەکی سووری. ئێمە هیچ بەرژەوەندییەکمان نییە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا یان دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی تورکیا داوا لە تورکیاش دەکەین دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سووریادا نەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ