سووریا
لە شارى حمس، خۆپێشاندەرانى عەلەوى و ئەو هێزانەى خۆیان وەک پۆلیسی سووریا ناساندووە، پێکداهەڵپڕژان و بریندارى لێکەوتەوە.
رووداو دیجیتاڵ
لە چەند شارێکی سووریا، عەلەوییەکان رژانە سەر شەقامەکان و پشێویەکى نوێ رووی لە وڵاتەکە کرد، ئەو دۆخە نوێیە دەسەڵاتدارانى دەستەى تەحریر شامى ناچار کرد رێوشوێن بگرنەبەر و لە شارى حمس قەدەخەى هاتوچۆ رابگەیێنن، وەزارەتى ناخۆى حکومەتى راگوزەریش دەڵێت "هێرشکراوەتە سەر هێزەکانمان و کوژرا و بریندار هەبووە."
عەلەوییەکان کە شیعەن، لە پارێزگەکانى حەما، حمس، تەڕتووس، ناوچەى قەرداحە لە پارێزگاى لازقییە خۆپێشاندانیان کرد، پاساوەکەشیان ئەوە بوو، لایەنگرانى دەستەى تەحریرى شام هەڵیانکوتاوەتە سەر مەزارى شێخ حەسەن لە شارى حمس. بەگوێرەى سەرچاوە خۆجێییەکانى سووریا لە رووداوەکەدا 5 کەس لە کارمەندانى مەزارەکە کوژراون.
لە شارى حمس، خۆپێشاندەرانى عەلەوى و ئەو هێزانەى خۆیان وەک پۆلیسی سووریا ناساندووە، پێکداهەڵپڕژان و بریندارى لێکەوتەوە.
نووسینگەى رۆژنامەڤانیی وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى کاربەڕێکەرى سووریا، هۆشداریى دا لە بڵاوکردنەوەى 'ئەو پڕوپاگەندانەى' کە لەبارەیەوە دەڵێ "ئامانج لێیان دروستکردنى ناسەقامگیریی و تێکدانى ئاشتى کۆمەڵایەتى"یە.
ئەو وەزارەتە رایگەیاند "بەهۆى ئەو دۆخەوە، پاشماوەکانى سەر بە دەسەڵاتى پێشوو لە ناوچە کەناراوەکانى سووریا، هەوڵى بڵاوکردنەوەى ئەو پڕوپاگەندانەیان داوە و هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانمان، بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژراو و بریندارى لێ کەوتووەتەوە."
خۆپێشاندانی عەلەوییەکانی سووریا لەدوای رووخانی ئەسەد، دژی حکومەتی راگوزەری سووریا؛ ئەم دیمەنە شاری حمسە چەند چەکدارێک پەلاماری خۆپێشاندەران دەدەن و تەقە دەکەنhttps://t.co/MO8NU7clTz pic.twitter.com/Y5XqevbWJO
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 25, 2024
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا لە سووریا، دیمەنێکى دیکە بڵاوکرایەوە گوایە هەڵکوتانە سەر مەزارى ئەبو عەبدوڵڵا خەسیبی، شێخى عەلەوییەکانە لە شارى حەلەب.
محەممەد عەبدوڵڵا، وەزیرى راگەیاندنى حکومەتى راگوزەرى سووریا رایگەیاند ئەو دیمەنانەى بڵاوکراونەتەوە "کۆنن"، وەزارەتى ناوخۆى ئەو حکومەتەش رایگەیاند "دیمەنەکە بۆ کاتى رزگارکردنى شارى حەلەب دەگەڕێتەوە."
ئێوارەى ئەمڕۆ (چوارشەممە، 25-12-2024)، فەرماندەیی پۆلیسی حمس بڕیاری دا لە کاژێر 06:00ـی ئێوارەوە بۆ کاژێر 08:00ـی بەیانى قەدەخەى هاتووچۆ رابگەیێنێت، ئەمەش بۆ رێگرى لە تەشەنەسەندنى پشێوییەکان لەو شارەدا.
بنەماڵەی ئەسەد کە زیاتر لە نیو سەدە حوکمی سووریایان کرد، لە کەمینەی عەلەوین، کە 10٪ـی گەلی سووریا پێکدێنن.
بۆ کۆنترۆڵکردنى بارودۆخەکە، چەند یەکەیەکى سەربازى بۆ حمس نێردراون، کە سەر بە ئاسایشى گشتى و بەڕێوەبردنى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سووریان و، لەژێر دەسەڵاتى ئێستاى دەستەى تەحریری شامدان.
ئاڵۆزیی نێوان عەلەوییەکان و تەحریری شام بە جیاوازیی مەزهەبییان لەنێوان سوننە و شیعە دەبەسترێتەوە، ئەگەرچى هۆکارەکان بە رووکەش وەک خۆیان باسی دەکەن؛ پەیوەندیدارن بە کێشەى ئەمنییەوە.
ئەو پێشهاتە ئەمنییەى ئەمڕۆی سووریا دواى رۆژێک بوو لە رێککەوتنێکى نێوان ئەحمەد شەرع، فەرماندەى ئیدارەى نوێى سووریا لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپە چەکدارەکان، کە بەگوێرەوى میدیاى فەرمیی ئەو وڵاتە؛ رێککەوتوون ئەو گرووپانە هەڵبووەشێنرێنەوە و بخرێنە ژێر چەترى وەزارەتى بەرگرییەوە.
قەدرى جەمیل، سەرۆکى بەرەى گۆڕان و رزگاریی سووریا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "لە رووى کردارییەوە؛ ئێستا شتێک نییە بە ناوى سوپاوە و چوونەتە ماڵەوە، چەک و تەقەمەنەییەکانیشان لەلایەن فڕۆکەکانى ئیسرائیلەوە لەنێوبراون، بۆیە بونیاتنانەوەى بناخەى سوپایەکى نیشتمانى، پرسێکى گرنگە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ