رووداو - هەولێر
هەڕەشە و بۆردوومانەکان بۆ سەر هەرێمی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان هەموو پێکهاتەکان (کورد، عەرەب، کریستیان و تورکمانەکان)ی خستووەتە ئامادەباشییەوە.
شەڕڤانە عەرەبەکانی نێو یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG، وەڵامی تۆمەتەکانی تورکیا دەدەنەوە کە گوتبووی یەپەگە دیموگرافیای عەفرین دەگۆڕێت.
لای خۆشیەوە رەشید شەعبان، ئەندامی کۆمیتەی سیاسیی پارتی ئەلوەحدە بە رووداوی راگەیاند، تۆپبارانی سوپای تورکیا بۆ سەر گوندەکانی سەر بە هەرێمی عەفرین بەردەوامە.
شەوی رابردوو هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە لەلایەن تورکیا پاڵپشتی دەکرێن، جارێکی دیکە هەرێمی عەفرینیان تۆپبارانکردەوە، لەبەرامبەردا یەپەگە و یەپەژە وەڵامیان دانەوە.
بەگوێرەی میدیاکانی هەسەدە گوندەکانی (شێنکا، خەرابە، شەرعا، باسۆفان و بایێ) لە سنووری شارۆچکەی شەرعا لە هەرێمی عەفرین بەر تۆپبارانەکە کەوتوون و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.
چەند مانگێکە تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنە سە هەرێمی عەفرین دەکات، بۆ ئۆپەراسیۆنەکەش ئامادەکاری کردووە، بەجۆرێک 10 هەزار سەربازی سوپای تورکیا و 15 هەزار چەکداری سوپای سووریای ئازاد لە ئامادەباشیدان.
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح



