رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
پۆلیسی دەریاوانیی لوبنان لە کاتی بەهاناوەچوونی سەرنشنینانی بەلەمێکی پێشووتر کە ژێرئاو کەوتبوو
رووداو دیجیتاڵ
سوپای لوبنان رایگەیاند ئەمڕۆ 27 کۆچبەری سووریاییان لە خنکان رزگارکرد، دوای ئەوەی بەلەمە چووپەکەیان لە باکووری لوبنان ژێرئاوکەوت.
بەرپرسێکی سوپاکە، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت ئەمڕۆ (شەممە، 23ـی ئەیلوولی 2023) لەبارەی ناسنامەی رزگارکراوەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، هەموو کۆچبەرەکان سووریایی بوون.
کۆچبەرانی نایاسایی لە لوبنانەوە بە نێو دەریای نێوەڕاستدا دەڕۆن بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە دوورگەی قوبرس، کە 175 کیلۆمەتر لە لوبنانەوە دوورە، لەوێوە داوای مافی پەنابەریێتی دەکەن و دەچنە ئەوروپا.
هێزە ئەمنییەکانی لوبنان لە هەمان رۆژدا رایانگەیاند، قاچاخچییەک و 42 هاووڵاتیی سووریاییان لە بارهەڵگرێکدا دەستگیرکردووە. پۆلیسی لوبنان دەشڵێت، شۆفێرەکە دانیناوە بەوەی؛ بەنیاز بوون کۆچبەرەکان بە بەلەمی قاچاخ ببەنە قوبرس.
هاووڵاتییە دەستگیرکراوەکان بە پۆلیسیان گوتووە، هەر یەکەیان پێنج بۆ حەوت هەزار دۆلاری ئەمریکییان بە قاچاخچییەکە داوە بۆ ئەوەی لە رێگەی قوبرسەوە بیانبات بۆ ئەوروپا.
رزگاکردنی ئەو کۆچبەرانە و دەستگیرکردنی قاچاخ و کۆچبەرەکانی دیکە لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممەش، (21-9-2023) سوپای لوبنان باسی لەوە کرد رێگرییان لە پەڕینەوەی نزیکەی هەزار کۆچبەری سووریایی لەسەر سنوور کردووە.
ئابووریی لوبنان لە کۆتایی ساڵی 2019 تووشی داڕمان بوو، لەو کاتەوە وڵاتەکە بۆ لوبنانی، سووریایی و فەلەستینییەکان بووەتە شوێنی دەستپێکردنی کۆچ بەرەو ئەوروپا.
حکومەتی لوبنان دەڵێت، وڵاتەکە نزیکەی دوو ملیۆن پەنابەری سووریایی لەخۆگرتووە، لە کاتێکدا زیاتر لە 800 هەزاریان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمی تۆمارکراون، کە ئەوەش گەورەترین ژمارەی پەنابەرانە بەرامبەر بە دانیشتووانی وڵاتێک، لەسەر ئاستی جیهان.
شەڕی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد، دوای ئەوەی حکومەتی وڵاتەکە هێزی لە دژی خۆپیشاندەرانی دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەکارهێنا؛ شەڕەکە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس و دەربەدەربوونی نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ