هەسەدە: داعش چەکی زیاتری دەستکەوتووە و بازنەی هێرشەکانی فراوانتر کردووە

23-03-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە شەشەمین ساڵیادی شکستی داعش لە باغۆز، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، هەوڵەکانی رێکخراوەکە بۆ قۆستنەوەی بارودۆخی ناسەقامگیری بەردەوامە، دەشڵێت، رێکخراوەکە لە دوای کەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد، چەکی زیاتری دەستکەوتووە.
 
ئەمڕۆ، 23ـی ئادار، 6 ساڵ بەسەر شکستپێهێنانی داعش لە ناوچەی باغۆز لەسەر دەستی شەڕڤانانی هەسەدە تێدەپەڕێت، بەم بۆنەیەوە هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە، "بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، توانیمان رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە دوایین قەڵای خۆی لە سووریا، واتە باغۆز، تێکبشکێنین."
 
هەسەدە دەڵێت "لە کاتێکدا سوپای چەندین وڵاتی گەورە نەیانتوانی رووبەڕووی ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە ببنەوە، هێزەکانی ئێمە توانیان شکستی پێبهێنن و ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکان بگەڕێننەوە."
 
سەرەڕای ئەو سەرکەوتنە بەسەر داعش، هەسەدە هۆشداریی لە پاشماوە و شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە دەدات و دەڵێت، "هێشتا هەڕەشەیەکی بەردەوامن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا. ئەمەش پێویستی بە هەوڵی زیاتر و هاوکاریی هەواڵگری و ئەمنی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ رێگری لە گەڕانەوەیان".
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە داوە، داعش هەوڵدەدات سوود لە بارودۆخی ناسەقامگیر وەربگرێت، بەتایبەت دوای هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات.
 
هەسەدە دەڵێت، "لە دوای رووخانی رژێمی سووریا، رێکخراوەکە بازنەی چالاکییە تیرۆریستییەکانی خۆی فراوان کردووە و، توانیویێتی چەک و تەقەمەنیی زیاتر بەدەستبهێنێت."
 
لە کاتی ئۆپەراسیۆنی باغۆز، ئەو چەکدارانەی داعش کە زیندوومانەوە، دەستگیرکران یان خۆیان رادەستی هەسەدە کرد و ئێستا لە زیندانەکانی هەسەدەدان.
 
هەسەدە لە بارەی ئەو چەکدارانەوە رایگەیاندووە: چارەنووسی هەزاران بەندکراوی داعش، کە زۆربەیان هاووڵاتی وڵاتانی بیانین، کێشەیەکە و پێویستی بە چارەسەر و هاوکاریی نێودەوڵەتی هەیە، ئەویش لە رێگەی دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی و دڵنیابوون لە دادگاییکردنی دادپەروەرانەیان."
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات پابەندبوونی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دووپاتکردووەتەوە و داوا لە هاوبەشەکانیان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن پشتیوانیان بن بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و ئاشتی هەمیشەیی و دادپەروەری.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە