رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی سووریا "دڵنیایی" دەداتە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "مافەکانی کورد لە سووریا پارێزراو دەبن"، بانگهێشتیشی دەکات بۆ ئەوەی سەردانی دیمەشق بکات.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 23-1-2024) لە داڤۆسی سویسرا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە. حکومەت دەڵێ "کۆبوونەوەکە دۆستانە بوو."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند "دۆخی گشتیی سووریا و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا."
مەسرور بارزانی، لە یەکەم رۆژی دەستپێکی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە 20ـی ئەم مانگەوە لە داڤۆسە، لەو چوارچێوەیەدا چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان هەبووە، لەنێویشیاندا کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی سووریا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "وەزیری دەرەوەی سووریا، کورتەیەکی لەبارەی بارودۆخی نوێی سووریا و هەوڵەکانی ئیدارەی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی، سەقامگیریی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی خستەڕوو."
"وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ مەسرور بارزانی: دڵنیایی دەدەین مافەکانی کورد پارێزراو دەبن"
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێ "وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەدا کورد، خوشک و برای ئێمەن و پێکهاتەیەکی گرنگ و رەسەنی سووریان، دڵنیایی دەدەین کە مافەکانیان پارێزراو دەبێت."
وەزیری دەرەوەی سووریا، هەروەها "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی دیمەشق کرد و گوتی؛ هیوادارین لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە شام بتبینین." ئەمە وەک لە راگەیێندراوەکە هاتووە.
سەرۆکی حکومەتیش دووپاتی کردووەتەوە "پاراستنی ئاشتیی و ئارامیی سووریا بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە و لەمبارەیەوە ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەموو پشتگیریی و هاوکارییەکی پێویست بۆ خوشک و برایانمان لە سووریا."
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنیی مافی هەموو پيکهاتەکانی سووریا و لەنێویشیاندا گەلی کورد.
کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و ئەسعەد شەیبانی، دوای کۆبوونەوەیەکی دیکەی لووتکە دێت کە لە 16-1-2025 لە پیرمام لە پارێزگای هەولێر کرا؛ لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی، پێشوازیی لە جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد.
مەزڵووم عەبدی دواتر رایگەیاند، "جەختمان لە یەکهەڵوێستیی کورد لە سووریا کردەوە."
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی ئەمڕۆی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی سووریا، هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ نزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا بەرز نرخێنرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ