رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سووریا رایگەیاند، "پێویستە هێزە بیانییەکان لە خاکی سووریا بچنە دەرەوە و بە زووترین کات ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە دەستپێبکات."
عەباس عیراقچی و گەیر پێدەرسۆن، ئەمڕۆ یەکشەممە لە پەراوێزی 79ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆبوونەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عەباس عیراقچی و گەیر پێدەرسۆن سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و پرسەکانی پەیوەندیدار بە دۆخی سووریا گفتوگۆیان کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سووریا راپۆرتێکی لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی سووریا و هەنگاوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو وڵاتە پێشکێشی وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، عەباس عیراقچی پشتیوانیی حکومەتی ئێرانی بۆ هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "پێویستە هێزە بیانییەکان لە خاکی سووریا بچنە دەرەوە و بە زووترین کات ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە دەستپێبکات."
سووریا لە ساڵی 2011ـەوە تووشی شەڕێکی نێوخۆیی بووە و تاوەکو ئێستاش کێشەکانی بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە.
جگە لە هێزەکانی رووسیا، ئێران و گرووپەکانی سەربەو وڵاتە وەکو، حیزبوڵڵای لوبنان، فاتمیوون و زەینەبیوون کە پشتگیری لە حکومەتی بەشار ئەسەد دەکەن، هێزەکانی تورکیا و ئەمریکاش لە خاکی سووریا هەن.
عیراقچی هەروەها باسی دۆخی غەززە و لوبنان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەی کرد و گوتی، "هەرچەندە رژێمی زایۆنی لە لوبنان نائومێد بووە و تاوان دەکات، بەڵام تاوانەکانی بێ وەڵام نامێننەوە."
عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەمەبەستی بەشداریکردن لە 79ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەوی هەینی، 20ـی ئەیلوولی 2024 لەگەڵ شاندێک گەیشتە نیویۆرک.
بریارە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانیش ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2024 بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی نیویۆرک بکات و شەوی سێشەممە، 24ـی ئەیلوول بۆ یەکەمجار لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گۆتارێک پێشکێش بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ