'ئەو سەرکردە داعشەی ئەمریکا کوشتی لە عەفرین بووە'؛ هەسەدەش دەڵێت، تورکیا پاڵپشتیی تیرۆر دەکات

20-06-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا کوژرانی بەرپرسێکی داعشیان لە سووریا بڵاوکردەوە؛ حکومەتی کاتیی سووریا دەڵێت، ئەو داعش نەبووە، بەڵکو سڤیلێکی نێو کامپێکی عەفرین بووە. گوتەبێژی هەسەدەش دەڵێت، ئەو داعش بووە و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا بووە، "تورکیا پشتگیریی لە تیرۆر دەکات."
 
رۆژی چوارشەممە، 19-06-2024 حکومەتی کاتیی سووریا لەبارەی کوژرانی بەرپرسێکی باڵای داعش لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. 
 
حکومەتی کاتیی سووریا لە بڵاوکراوەکە دەڵێت، کاژێر 10:00ـی شەو لە رۆژی 16-06-2024، یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، "کامپی رەحمەی کوەیتی لە عەفرین بە سێ مووشەکی میلیشیاکانی هەسەدە [هێزەکانی سووریای دیموکرات] کرایە ئامانج و تێیدا کەسێکی سڤیل شەهید کرا و چەند کەسێک برینداربوون."
 
چەند کاژێرێک بەر لەو بڵاوکراوەیە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا- سێنتکۆم لە ئێکس بڵاویکردەوە: "لە هێرشێکدا بەرپرسێکی باڵای داعشمان لە سووریا کوشت کە لە هەمانکاتدا هاوئاهەنگیکاریش بووە".
 
بەپێی سێنتکۆم، "هێرشەکە لە 16-06-2024 کراوە. ئەو بەرپرسە ناوی ئوسامە جەمال محەممەد ئیبراهیم جەنابییە. کوژرانی ئەو دەبێتە رێگەگرتن لە تواناکانی داعش لە هێرشی تیرۆریستی".
 
ئەمریکا هەروەها دەڵێت، هیچ سڤیلێک لەو هێرشە ئازاری پێنەگەیشتووە.
 
فەرهاد شامی، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ئێکس نووسی: "پیرۆزبایی لە هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ کوشتنی تیرۆریست ئوسامە جەنابی، کە لە هێرشێک لە عەفرینی داگیرکراو لەلایەن تورکیاوە کرایە ئامانج."
 
فەرهاد شامی دەنگۆی ئەوە رەتدەکاتەوە کە گوایە هەسەدە ئەو هێرشەی کردبێت و دەڵێت: "حکومەتی بەناو کاتیی سووریا کە لەلایەن تورکیاوە پشتگیریی دەکرێت دەڵێت، ئەو تیرۆریستە سڤیل بووە و لەلایەن هەسەدەوە کوژراوە. ئەمە دووبارە پیشاندەری ئەو زانیارییە هەڵەیەیە کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە تورکیاوە دەدرێت. ئەمە هەوڵێکە بۆ پاراستنی سەرکردایەتیی داعش و پیشاندانیان وەک سڤیل." 
 
حکومەتی کاتیی سووریا لە بڵاوکراوەکە هەروەها دەڵێت: "ئەو جۆرە تاوانە لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان وەک پێشێلکارییەکانی دیکەی هەسەدەن لەوانەش رفاندنی منداڵان، دەستگیرکردنی چالاکڤانان، بەزۆر بێسەروشوێنکردنیان و کوشتنی سووریاییەکان لە ژێر ئەشکەنجە. هەنگاوەکانی هەسەدە خەڵکی سووریا ناترسێنن و چارەنووسیان لەناوچوونە."
 
گوتەبێژەکەی هەسەدە وەڵامی داوەتەوە: "ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا شوێنێکی پارێزراوە بۆ سەرکردەکانی داعش. نیشتەجێبوونی ئوسامە جەنابی لە کامپێکی عەفرین ئەوە پێشاندەدات کە تورکیا پشتگیریی لە تیرۆر دەکات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێرشێکی پێشووی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق.

ئیسرائیل پێنج سەربازی سووریای کوشت

وەزارەتی بەرگریی سووریا لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای سەربازیی ئەو وڵاتە رایگەیاند: "کاژێر 1:35ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیلی دووژمن لە ئاراستەی گۆلانەوە هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر یەکێک لە پێگە سەربازییەکانمان لەسەر سنووری نێوان سووریا و لوبنان و لەنزیک کفیر یابوس لە دەوروبەری دیمەشق، بەهۆی ئەو هێرشەوە پێنج سەربازمان شەهید بوون و یەکێکی دیکەشمان برینداربوو."