رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکی مووشەکی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا، بریندار و زیانی مادی لێکەوتەوە.
رۆژی چوارشەممە 19-07-2023، ئاژانسی سانا کە ئاژانسی فەرمیی حکومەتی سووریایە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل هێرشێکی مووشەکی کردووەتە سەر دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سووریا و لە ئەنجامدا دوو سەربازی سوپای سووریا برینداربوون.
بەگوێرەی میدیای سووریا، هێرشەکە کاژێر 00:25 بە کاتی دیمەشق (هەمان کات بە کاتی هەولێر) لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە ئەنجامدراوە و چەند ناوچەیەکی نزیک لە دیمەشقی کردووەتە ئامانج.
میدیای فەرمیی حکومەتی سووریا لە سەرچاوەیەکی سەربازیی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە، "هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو سەربازی سوپای سووریا و زیان بە بەشێک لە کەرەستەکانیش گەیشتووە"، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، سیستمی بەرگریی سووریا بەشێک لە مووشەکەکانی خستوونەتە خوارەوە.
دوایین هێرشی ئیسرائیل بۆسەر خاکی سووریا لە سەرەتای مانگی تەممووز بوو و رۆژی 2ی تەممووز، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشێکی مووشەکیان کردووەتە سەر چەکدارانی نزیک لە ئێران لە شاری حمس.
لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سووریادا ئیسرائیل دەیان جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی نزیک لە ئێران و حیزبوڵای لوبنانی لە سووریا بۆ ئەوەی هیچ هێزێکی نزیک لە ئێران لە سووریا نەبێت و بەهێز نەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ