سووریا
چەند ئاوارەیەکی سووریایی لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە تورکیاوە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان. وێنە: Kazim Kizil- EPA
رووداو دییجتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، پێشبینی دەکەن تاوەکو نێوەڕاستی ساڵی داهاتوو، نزیکەی ملیۆنێک سووریایی بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
رۆژی سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، رێما ژەنوو ئێمسیس، بەڕێوەبەری نووسینگەی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقای باکوور لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "پێشبینی دەکەین لە کانوونی یەکەمی ساڵی داهاتوو تاوەکو مانگی حوزەیران، نزیکەی یەک ملیۆن سووریایی بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان."
هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا رۆژی 8-12-2024، کۆتاییان بە 53 ساڵ دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا. بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا هەمان رۆژ وڵاتەکەی جێهێشت.
لە ماوەی 24 ساڵی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد زیاتر لە 500 هەزار کەس لە سووریا کوژران و نزیکەی نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکەش دەربەدەر و ئاوارە بوون.
رێما ژەنوو، ئاماژەی بەوەش کرد، رووداوەکانی ئەم دواییانەی سووریا "هیوای زۆری دروست کردووە ئەو قەیرانی ئاوارەبوونە چارەسەر بکات."
لەبارەی دۆخی مرۆیی سووریاش، بەرپرسەکەی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "دەبێت لەوەش تێبگەین گۆڕانی رژێم بە مانای ئەوە نایەت کۆتایی هاتنی قەیرانی مرۆیی نایەت".
هەروەها ئاژانسەکە داواش لەو وڵاتانەی دەکات کە پەناخوازە سووریاییەکانیان لەخۆگرتووە، دووربکەونەوە لەوەی بەزۆر سووریاییەکان رەوانەی وڵاتەکەیان بکەنەوە.
دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، 13 وڵاتی ئەورووپی راگرتنی مافی پەنابەرێتییان بە سووریاییەکان راگەیاند.
رێما ژەنوو لەوبارەیەوە گوتی، "ئێمە بەو وڵاتانەی کە پێدانی مافی پەنابەرێتییان راگرتووە دەڵێین، تکایە مافی ئەوەیان پێبدەن بێنە نێو خاکەکەتان و مافی مانەوەیان پێبدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ