رووداو دیجیتاڵ
بنەماڵەی بەشار ئەسەد خاوەنی 12 ملیار دۆلارن؛ ئەسەد پارەکەی داوە بە خانوو و زەوی لە رووسیا، هۆتێل لە ڤیەننا و فڕۆکەیەکی تایبەتی لە دوبەی کڕیوە.
رۆژی یەکشەممە 15-12-2024، لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، باسی سامانی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سووریا کرا.
لەگەڵ نەمانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، چاوی جیهان لەسەر ملیاران دۆلار لە پارە و داراییەکانی بنەماڵەکەیەتی کە لە ماوەی نیو سەدەی دەسەڵاتداری کۆیان کردووەتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بنەماڵەی بەشار ئەسە خاوەنی تۆڕێکی فراوانی بازرگانیکردنن کە لە ساڵی 1970 و لەگەڵ هاتنە سەرکاری حافز ئەسەد دامەزراوە و دواتر بەشار ئەسەد سەرپەرشتی کردووە.
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پارێزەران، بەشار ئەسەد بۆ شاردنەوەی پارەکەی لە ماوەکانی دواییدا چەندین زەوی و موڵکی لە رووسیا، هۆتێلی لە ڤیەننا و فڕۆکەی لە دوبەی کڕیون.
بەرپرسێکی پێشووی کۆشکی سپی بە ناوی ئەندرو تابلەر کە بەدواداچوونی بۆ ماڵ و موڵکی بەشار ئەسەد کردووە دەڵێت، "ماوەیەکی زۆریان لە بەردەست بووە بۆ شۆردنەوەی پارە و بەشار ئەسەد ئەندامانی بنەماڵەکەی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو تۆڕە بازرگانییە بەکارهێناوە".
تاوەکو ئێستا بە دیاریکراوی ماڵ و مۆڵک بنەماڵەی ئەسەد دیار نییە، بەڵام پارەکە لە نێوان ملیارێک تاوەکو 12 ملیار دۆلار دەبێ.
کەسانی دەستڕۆیشتووی نێو تۆڕی بازرگانیی بنەماڵەی ئەسەد، ئەندامانی خێزانەکەی بوون.
ئەسما ئەسەد، هاوژینی بەشار ئەسەد کە پێشتر کارمەندی بانک بووە، دەستیگرتووە بەسەر بواری بانکی، پەیوەندی و تەلەفۆنات، داهاتی ساڵانەی ئەسما ئەسەد ئاشکرا نییە.
رامی مەخلووف، خاڵۆزای بەشار ئەسەد کاری لە بواری تووتن و بیناسازی و بازرگانیی ئازاد کردووە و نزیکەی 10 ملیار دۆلاری قازانج کردووە.
بەڵام مەترسیدارترین کەسی نێو تۆڕی بازرگانیی ماڵباتەکە، ماهیر ئەسەدی برای بووە کە خەریکی کاری بازرگانیی مادە هۆشبەرەکان (کیپتاگۆن) و چەک بووە کە داهاتی ساڵانەی 2.4 ملیار دۆلار بووە.
بەپێی لێکۆلینەوەکانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەمە تەنیا بەشێکە لە داهاتی بنەماڵەی ئەسەد، لەبەرئەوەی تۆڕێکی زۆر ئاڵۆزیان هەیە، لەوانەیە بەشار ئەسەد خۆیشی نەزانێت چەند پارەی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ