پێنتاگۆن: هەشت سەربازمان لە هێرشەکەی رۆژی هەینی لە سووریا بریندار بوون

دوێنێ کاژێر 09:38
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) دەڵێت، لە هێرشە درۆنییەکەی هەینیی رابردووی سەر بنکەیەکیان لە رۆژئاوای کوردستان 8 سەربازیان بریندار بوون؛ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیش تۆمەتبار دەکات بەوەی هێرشەکەیان ئەنجام داوە.
 
رۆژی سێشەممە 13ی ئابی 2024 پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەی رۆژی 9ی ئاب بۆ سەر بنکەی سەربازیی رومێلان لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بریندار بوون.
 
گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی، برینی هیچ کام لە سەربازەکان قورس نییە، 3 کەسیان چارەسەری تەواویان وەرگرتووە و گەڕاونەتەوە سەر ئەرکی خۆیان.
 
پات رایدەر ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە ئەنجام دراوە، بەڵام بەرپرسانی پێنتاگۆن هێشتا لە لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن تاوەکو بزانن چی گرووپێک بووە.
 
5ی ئابیش هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و لە ئەنجامدا 5 سەربازی ئەمریکی برینداربوون کە سیانیان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە بۆ ئەڵمانیا گوێزرانەوە.
 
ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش جێگیرکراون.
 
لە هەمان کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا، پار رایدەر لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن رایگەیاند، ئامانجی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا شکستهێنانی یەکجارەکی رێکخراوی داعشە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە