رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکى حەوت کەسی بۆ ئامادەکاریى کۆنگرەى دیالۆگى نیشتمانى سووریا پێکهێندرا، بەڵام هیچ کوردێک لە لێژنەکەدا نییە. بەرپرسێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دەڵێت، هەڵوێستیان دەبێت.
ئەو لیژنەیە لە 11ـی شوباتى 2025 بە بڕیارى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر پێکهێنراوە، کە 7 ئەندامن؛ ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12ـی شوبات) بە فەرمى بڕیارەکە بڵاوکرایەوە.
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژى ئەنجوومەنى نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "هیچکام لە ئەندامەکانى ئەو لیژنەیە کورد نین و، بۆ ئەوەش گفتوگۆمان لەگەڵ دا نەکراوە."
ئەو لیژنەیە کە دووانیان ژنن، پێکهاتوون لە حەسەن دغیم، ماهر عەلووش، محەممەد مستت، مستەفا موسا، یوسف هجر، هند قبوات و هودا ئاتاسی.
گوتەبێژى ئەنەکەسە گوتى "سەرقاڵى تاوتوێکردنى ئەو پرسەین و هەڵوێستى فەرمیمان لەو بارەیەوە دەبێت."
کارى ئەو لیژنەیە ئادەکارییە بۆ کۆنگرەى دیالۆگى نیشتمانیی لایەنەکان، وەک قۆناخى بەرلە هەڵبژاردنى سووریا.
بەگوێرەى ئەو بڕیارە، پەیڕەوى نێوخۆى لیژنەکە و پێوەرى کارکردنى داندراوە و ماوەى کارکردنى لیژنەکە لەگەڵ بڵاوکردنەوەى بەیاننامەى کۆتایی کۆنگرەکەى دیالۆگى نیشتمانى تەواو دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ