رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی هاوئاهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاند، بەهۆی شەڕەوە نزیکەی 30 هەزار خێزان ئاوارە بوون کە زۆربەیان روویان لە عەفرین کردووە.
رۆژی پێنجشەممە 08-01-2026، ئۆچا (OCHA) دووەمین راپۆرتی خۆی لەبارەی دۆخی حەلەب بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، شەڕ و بۆردوومانەکان تەنیا لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە نەماونەتەوە، بەڵکو کاریگەرییان کردووەتە سەر گەڕەکەکانی (شەقامی نیل، شەهبای نوێ، خالیدییە و شێخ تەها).
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی سووریا کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتی پێ بەستووە، 9 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 55ی دیکە بریندار بوون کە ژن و منداڵیان تێدایە. ئۆچا ئاماژە بەوە دەکات کە "بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان ژمارەی قوربانییان لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە زۆر لەوە زیاترە."
راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە چوار نەخۆشخانەی سەرەکی زیانیان بەرکەوتووە و هەندێکیان لەکار کەوتوون، ئەوانیش نەخۆشخانەکانی (زاهی ئەزرەق، ئیبن روشد، عوسمان و سەلام).
ئەمەش لە کاتێکدایە وەزیری تەندروستیی سووریا ئەمڕۆ باسی لە "نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی ئیبن روشد" کردبوو.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ:
- نزیکەی 30 هەزار خێزان (نزیکەی 150 هەزار کەس) ماڵەکانیان جێهێشتووە.
- زیاتر لە 20 هەزار خێزان (نزیکەی 100 هەزار کەس) گەیشتوونەتە ناوچەی عەفرین.
- بەشێکی دیکەی ئاوارەکان لە نێو شاری حەلەب و لە نێو 9 ناوەندی حەوانەوە و شوێنە ئاینییەکان نیشتەجێکراون.
- 10 خێزان گەیشتوونەتە شاری تەبقە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
وەستانی ژیان و خزمەتگوزاری
راپۆرتەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە دەسەڵاتداران هۆشداریی چۆڵکردنیان بۆ دانیشتووانی شێخ مەقسوود دەرکردووە و قەدەخەی هاتووچۆ درێژکراوەتەوە. هەروەها خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکان راگیراوە و گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب بۆ دیمەشق گواستراونەتەوە.
چوار رۆژە لە حەلەب شەڕە. سوپای عەرەبیی سووریا بە تانک، تۆپ، درۆن و چەندین چەکی دیکە هێرش دەکاتە سەر هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، لە بەرامبەردا هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) وەڵامیان دەدەنەوە. سوپای عەرەبیی سووریا داوای کردووە چەکەکان دابنرێن، بەڵام شەڕڤان و هێزەکان رەتیانکردووەتەوە و دەڵێن، دەمێننەوە و بەرگری دەکەن.



