کچە خوێندکارێکی کورد لە لازقییە کوژرا

07-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە پێکدادانەکانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆی سووریادا، کچە کوردێکی خەڵکی قامیشلۆ کە خوێندکار بووە لە زانکۆی لازقییە کوژرا. باوکی دەڵێ، کچەکەی لە ژوورەوە بووە و بە گولـلە کوژراوە.
 
کچەکە ناوی (شیندا عادل کشو)ـە. ئەمڕۆ هەینی باوکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پەیوەندیم لەگەڵیدا هەبوو، دواتر بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەوە کوژراوە".
 
شیندا خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی بووە لە لازقییە. عادل کشوی باوکی دەڵێت: "کچە دکتۆرەکەم لە ژوورەکەی خۆی و لەسەر تەختەکەی خەوتووە؛ لە خەودا گوللەی لێدراوە و کوژراوە".
 
شیندا لە قۆناخی یەکەمی خوێندنەکەیدا بووە.
 
ئێوارەی دوێنێ تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوای سووریا کە بە ناوچە کەناراوییەکان ناسراون، شەڕ و رووبەرووبوونەوەیەکی تووند لەنێوان سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە رژێمی پێشووی سووریا روویدا. بەگوێرەی ئاماری سەرەتایی، 70 کەس کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە